Mümin Altaş,Serkan Kaya
06 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 07 نیسان 2023
ئەنقەرە - AA
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراهیم کاڵن لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوهی ئایا سوید ئەو مەرجانەی جێبەجێ کردووە کە تورکیا بۆ ئەندامبوونی لە ناتۆ داوای کردووە یان نا، ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە دواکارییەکانیان لە سوید لە چوارچێوەی میکانیزمی سێ قۆڵیدا، روونە.
ئیبراهیم كاڵن لە پهخشێكی راستەوخۆی ئاژانسی ئانادۆڵۆدا هەڵسەنگاندنی بۆ پرسەکانی رۆژەڤ کرد و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.

کاڵن جەختی لەوە کردەوە، هێشتا سوید بە تەواوەتی داواکارییەکانی تورکیای جێبەجێ نەکردووە و گوتی: "ئێمە زیاتر لە جارێک بە روونی و ئاشکرا بە سویدیمان گوت. دوایینیان هەفتەی پێشووتر بەو شاندەی سویدمان گوت کە هاتبوون بۆ ئەنقەرە. بە بەردەوامی ئەم بابەتە لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەمان و لەگەڵ ئەو هاوتایەم کە دانوستانەکان بەڕێوەدەبات، باس دەکەین. لەو راوێژانەی کە لە دوای پەسەندکردنی ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ لە پەرلەمان لەگەڵیان ئەنجاممدا، هاوڕابووین لەسەر ئەوەی کۆبوونەوەی داهاتوومان لە هەفتەی یەکەم یان دووەمی مانگی حوزەیرانی داهاتوو ئەنجامبدەین. بۆچی ناوەراستی مانگی حوزەیران؟ چونکە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کە ١ی حوزەیران دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئاسانکاری بۆ حکوومەتی سوید دەکات کە ئەم هەنگاوە بنێت. تاکو ئەو کاتە چی دەکەن، چەند هەنگاو دەنێن، چون بە خێرایی هەڵسوکەوت دەکەن ئەوە بەتەواوەتی پەیوەندی بەخۆیانەوەیە".
گوتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا لە وەڵامی پرسیاری "ئایا چاوەڕوانی ئەوە دەکەن سوید هەنگاوێک بەرەو جێبەجێکردنی مەرجەکانتان بنێت کاتێک یاساکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە؟" گوتی: "یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کە لە ١ی حوزەیراندا دەچێتە بواری جێبەجێکردنهوه، تاکو ئەمڕۆ توندترین، بهدیسیپلینترین و گشتگیرترین یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە لە مێژووی سویددا. رەهەندی وای هەیە ئەو بابەتانە لەخۆدەگرێت کە ئێمە باسمانکردووە. بەو مانایە دەستیان سووک دەکات و لە دوای ١ی حوزەیرانەوە و بەتایبەتی چاوەڕوان دەکەین هەنگاوی توندتر لە دژی پەکەکە، فەتۆ و پێکهاتەکانی پهیوهست بەمانەوە و رێکخراوە هاوتەریبەکانی بنێن".