Serkan Kaya
27 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 28 حوزەیران 2023
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: ''باوەڕم وایە پشتیوان بەخوا لەم مانگانەدا جەژنی قوربان کەشوهەوای برایەتیی نێوان هاووڵاتیانمان بەهێز دەکات، کە بەهۆی بوومەلەرزەکانی شەشی شوباتەوە دڵمان قرچا''.
لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە بڵاویکردەوە، ئەردۆغان پیرۆزبایی جەژنی لە هاووڵاتیان کرد.
ئەردۆغان لە پەیامەکەیدا رایگەیاند: ''سوپاسی بێپایانی پەروەردگارمان دەکەین کە بە تەندروستییەوە بە جەژنی گەیاندینەوە، هیواخوازم جەژنی قوربان ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ گەلی تورکیا، جیهانی ئیسلامی و تەواوی مرۆڤایەتیی''.
سەرکۆماری تورکیا، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە جەژنەکان رۆژانی پڕخێر و بەرەکەتن کە یەکڕیزی و تەبایی و برایەتی هەمیشەیی لە ناو گەلدا پتەو دەکات و، گوتی: ''جەژنی قوربان کاتێکی بەرەکەتدارە کە بە پەرستشی قوربان هاوبەشی و هاودەنگی دەگاتە لووتکە. باوەڕم وایە پشتیوان بەخوا لەم مانگانەدا جەژنی قوربان کەشوهەوای برایەتیی نێوان هاووڵاتیانمان بەهێز دەکات، کە بەهۆی بوومەلەرزەکانی شەشی شوباتەوە دڵمان قرچا''.
گوتیشی: "کارەکانی بونیاتنان و نۆژەنکردنەوەمان بە خێرایی بەردەوامە. پەنابەخوا رادەستکردنی بەشی یەکەمی یەکەکانی بوومەلەرزە لە مانگی تشرینی یەکەم-تشرینی دووەمەوە دەستپێدەکەین".
ئەردۆغان باسی لەوە کرد سەدەی تورکیا کە لە بەیانی ٢٩ی ئایارەوە دەستیان بە بنیاتنانی کردووە، پشتیوان بەخوا لە خەیاڵەوە دەکەن بە راستی و گوتی: ''ئامانجمان لەوە ئەمەیە لە سەدەی نوێی کۆماردا سەرکەوتنێکی زۆر نوێ و یەکڕیزی نیشتمانی بەدی بهێنین. بەدڵنیاییەوە دەگەینە مەنزڵی سەدەی تورکیا. هاوشێوەی ٢١ ساڵی رابردوو لە پێنج ساڵی داهاتووشدا بە دڵەوە کار دەکەین و هەرگیز سازش ناکەین لەسەر سیاسەتی خزمەتکردن".