Sidar Can Eren
24 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 24 کانوونی دووەم 2023
دێرسم - AA
شاری ئۆڤاجک سەربە پارێزگای دێرسم، هەزار و ٥٠٠ مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە و ساڵی رابردوو بە بەفر داپۆشرابوو، بەڵام ئەمساڵ یەکێکە لە وشکترین ساڵەکانی.
ئەم شارە کە دەکەوێتە نێوان چیاکانی مونزور و مەرجان لە وەرزی زستاندا، یەکێک بوو لەو شوێنانەی زۆرترین بەفریان لێدەباری.

شاری ئۆڤاجک ساڵانە بەفر تیادا بە ئەستوورایی چەندین مەتر کەڵەکە دەبوو، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی پلەکانی گەرما بەرزتربوون لە ئاستی ئاسایی وەرز، باران و بەفری کەمی تیادا باری.
بەهۆی گەرما و بەهێزی تیشکی خۆرەوە، ئەو دیمەنەی رابردوو لە شارۆچکەکەدا، بەدی ناکرێت و ئاژەڵان لە کێڵگەکاندا دەلەوەڕن.

ئیحسان حاجیئۆغڵو یەکێکە لەو هاووڵاتییانەی لە گوندی کۆیونگۆلو دەژی بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەوەی خستەڕوو کە شاری ئۆڤاجک بە سەرما و بەفرەکەی ناسراوە و ساڵی رابردوو، چەندین مەتر بەفری تیادا بوو، گوتیشی: "ئەمساڵ وەرزی زستان بە وشکی تێدەپەڕێت و نەبارینی بەفریش کاریگەری دەکاتە سەر زەوییەکان بۆ کشتوکاڵ لە وەرزی هاویندا. ناتوانین فاسۆلیا، وێنجە، ماش و نۆک لە کێڵگەکانماندا بڕوێنین. بۆ ئێمە بارینی بەفر گرنگە و ئەگەر ببارێت ئاو زۆر دەبێت".

هەروەها ئیحسان ئۆلمەز کە پیشەی جووتیارییە ئەوەی ئاشکرا کرد کە نەبارینی بەفر جووتیارانی نیگەران کردووە و گوتی: "ساڵی رابردوو بەفری سەر کادانەکەم دەماڵی، ئێستا لەژێر تیشکی رۆژدا پیادەڕەوی دەکەم. هەرچەندە بارینی بەفر کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانمان دروست دەکرد، بەڵام لە روانگەی سروشت و سەرچاوەکانی ئاوەوە، بەفر بارین پێویستە".