Behlül Çetinkaya
21 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 22 مای,س 2021
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، دەربارەی بڕیارەکەی کۆمیتەی ئاسایشی ئیسرائیل بۆ راگەیاندنی ئاگربەست، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "خۆشحاڵین بە راگەیاندنی ئاگربەست بۆ ئەو پێکدادانانەی لە ئەنجامی پەلامارەکانی ئیسرائیل بۆسەر فەڵەستینییەکان، هاتنەئارا، هیوادارین ئاگربەستەکە بەردەوامبێت".
جەخت لەوەش کراوەتەوە کە کاری پێویست تەنها راگەیاندنی ئاگربەست نییە بەڵکو دۆزینەوەی چارەسەرێکە لەسەر بنەمای دوو دەوڵەت، داواش لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی کراوە هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە ستەمەکانی ئیسرائیل بەرامبەر فەڵەستینییەکان بخاتەگەڕ.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لە ئابڵوقەی سەر کەرتی غەززە کراوە و هاتووە: "گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە لێقەوماوانی غەززە پێویستی بەوە هەیە رێگاکانی گەیشتن بە ناوچەکە کراوەبن، بۆ رێگری کردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو ئازار و فرمێسکەی لە فەڵەستین هەیە پێویستە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لێپرسینەوە لە ئیسرائیل بکرێت لەسەر ئەو تاوانانەی ئەنجامیداون، هەروەها ئەو ئابڵوقە نامرۆڤانەیەش هەڵبگرێت کە خستویەتییە سەر کەرتی غەززە".
ئاماژە بەوەش دراوە کە چارەسەری هەمیشەیی پرسی فەڵەستین پێویستی بەوەیە ئیسرائیل کۆتایی بە داگیرکارییەکانی بهێنێت و هاتووە: "تاکە رێگای دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ پرسی فەڵەستین لە وەستانی داگیرکارییەکانی ئیسرائیل-ەوە دەستپێدەکات. تورکیا پشتیوانی لە داوای رەوای گەلی فەڵەستین دەکات و لە هەموو بوارێکدا بەردەوام دەبێت لە هاوکاری کردنی فەڵەستین".