ئەنقەرە
جێگری سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماری فاروق لۆغئۆغلو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ھەڵسەنگاندنی بۆ سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی بۆ شاری دیاربەکر کرد و گوتی: "بەھاتنی مەسعود بارزانی بۆ دیاربەکر ئەوە دەسەلمێنرێ کە ئەردۆغان بارزانی بە نوێنەری کورد دادەنێ و بارزانیش خاوەنی خەونی دەوڵەتێکی سەربەخۆیە بۆ کورد، ئەم سەردانەش ئەو خەونەی بارزانی بەھێزتر دەکا."
لۆغئۆغلو لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا ئاشکرایکرد کە ئامانجی ئەردۆغان لە داوەتکردنی بارزانی بۆ دیاربەکر بۆ چەند خاڵێکی سەرەکی بوو و گوتی: "پێش ھەڵبژاردنی شارەوانی ئەردۆغان دەیەوێ پرۆپاگەندە بۆ پارتەکەی لە ناوچەکە بکا و ئەنجامێکی باش لەو ھەڵبژاردنەدا بەدەست بێنێ. بۆ پرۆسەی ئاشتی ھیچ ئیرادەیەکی جددی و ھەوڵێکی بەرجەستەکراو نییە. پرسی کورد لە تورکیا بە دروستکردنی دیوار لە نێوان کوردان چارەسەر ناکرێ، بە پێچەوانەوە کورد دەیەوێ دیموکراسی و ئازادی لە تورکیا زیاتر بێ."
جێگری سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "کاتێک کۆبوونەوەیەکی دیبلۆماسی لە نێوان دوو وڵاتدا ئەنجام ئەدرێ؛ شوێنی کۆبوونەوە دیاربەکر نیە بەڵکو دەبێ ئەنقەرە بێ، رێزمان بۆ کەسایەتی بارزانی ھەیە چونکە لە ھەرێمێکی فیدراڵەوە ھاتووە و بە مەبەستی بەشداریکردنی ئاھەنگی ھاوسەرگیری بەکۆمەڵ ھاتبوو، ئەردۆغانی بەپیریەوە چووە. ئەمە سوکایەتیە بۆ سەرۆکوەزیرانی تورکیا. ئەردۆغان وشەی دۆستم ی بۆ بارزانی بەکار ھێنا کە ھەمان وشەی بۆ موعەممەر قەزافی و بەشار ئەسەدیش بەکارھێنا، ئایا ئەوەی لەبیرە کە قەزافی و ئەسەد دیکتاتۆرن؟"
لۆغئۆغلو باسی پرۆژەی ئەردۆغانی بۆ پرۆسەی ئاشتی کرد و گوتی: "جەھەپە خۆشحاڵە کە کوشتن و خوێنڕشتن نەماوە، بەڵام پارتی داد و گەشەپێدان نەیتوانیوە شتێکی وا بکات ئەو پرسە چارسەربکرێ، لە دوایین پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن تەنیا ماف کە بۆ کوردی تێدابوو لادانی قەدەغە لەسەر چەند پیتێک بوو و وا قسە دەکەن کە پرسی کورد لە تورکیا چارەسەر بووە. ئاکەپە ناتوانێن پرسی کورد چارەسەر بکا بۆیە داوای ھاوکاری لە بارزانی کردووە، لە ھەمان کاتدا ئەوە پەیامێکە بۆ ئۆجەلان و پەکەکە و پێیان دەڵێ تەنیا ئێوە نوێنەری گەلی کورد نین و دەتوانم بارزانی لە دژی ئێوە بەکاربھێنم."
جێگری سەرۆکی جەھەپە باسی بەھێزبوونی یەکێتی نێوان گەلی کورد کرد و گوتی: "ئەردۆغان وا بیردەکاتەوە کە پرسی کورد بە پارچە پارچەکردنی گەلی کورد چارەسەر دەبێ، بەڵام یەکێتی نێوان کورد لە عێراق و سوریا و تورکیا و ئیران بە بەروارد لەگەڵ ساڵی رابردوو، بەھێزتربووە. بەھۆی ئەردۆغانەوە پرسی کورد بوو بە پرسی ناوچەکە نەک تەنیا تورکیا و ئەمەش وایکرد کە چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا زۆر سەختتر بێ."
لۆغئۆغلو ھەروەھا ئاشکرایکرد جەھەپە چۆن توانی سەردانی بەغدا بکات ھەر بەو شێوەیەش دەتوانێ سەردانی ھەولێر بکا، بەڵام بەشداریکردنی مەسعود بارزانی لە پرۆسەی ئاشتی تورکیا سیاسەتێکی خراپە.