سلێمانی
لە گۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی دا ھەریەکە لە بەرھەم ساڵح و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری پ.د.ک و ی.ن.ک بەشێ لەناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان خستەڕوو.
سەرەتا نێچیرڤان بارزانی گوتی: "وتووێژەکانمان ڕاشکاوانە ئەنجامدا. باسی قۆناغی دوای ھەڵبژاردنمان کرد، ئێمە پێمانوایە ھاوپەیمانی نێوانمان پەیوەست نییە بە ژمارەی کورسییەوە بەڵکو پەیوەندیی ھەیە بەشێوازی کارکردنمان."
بارزانی لەبارەی ئاڵوگۆڕی پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند: ئێستا لەگەڵ ھیچ گۆڕانکارییەکدا نین. لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا رێککەوتوون رۆژی ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٤ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجام بدرێ.
دکتۆر بەرھەم ساڵح، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ی.ن.ک گوتی: "وتووێژمان لەگەڵ پ.د.ک زۆر دۆستانەو راشکاوانە بوو. ئێمە دەمانەوێ بەشداربین لەکابینەی داھاتوو. ھەروا دەرگا داخراو نییە بۆ بەشدارییکردنی لایەنەکانی دیکەو کەس پەراوێز ناخرێ."
بەرھەم ساڵح جەختیکردەوە ی.ن.ک و پ.د.ک پابەندی خۆیان راگەیاندەوە بەڕێککەوتننامەی ستراتیژیی نێوانیان.