Aybüke İnal,Hemn Baban
22 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 23 ئەیلوول 2019
ئەنقەرە-AA
ئەو پەپوولەیەی دۆزراوەتەوە و بە لاتینی پێی دەگوترێت "Euphydryas iduna" ھێڵی پان لەسەر لێواری باڵەکانی ھەیە.
دوای دیارنەمانی بۆ ماوەی نیو سەدە دیسانەوە پەپوولەیەک دەدۆزرێتەوە کە بەرلە ١٢ ھەزار ساڵ دەرکەوتووە، ھێڵی سپی و پرتەقاڵیی یەکتربڕ لەگەڵ ھێڵی رەش ھەردوو باڵی پەپوولەکە دەنەخشێنن کە ئەمەش دیمەنێکی ناوازەی پێ دەبەخشێت.
ئەم جۆرە پەپوولەیە لە وڵاتانی سکاندیناڤیا بڵاوە، بەڵام لە تورکیا پێشبینییەکان وایە کە تەنھا لە بەرزاییەکانی چیای ئاگری دەژییت و لەوێ لە سەردەمی دوایین چاخی بەستەڵەکەوە بەردەوامی بە ژیانی دەدات.
زاناکان لە چواری ئابی ساڵی ١٩٧٠ بوونی ئەم پەپوولەیان لە چیاکانی ئاگری سەلماندووە کە لە بەرزیی زیاتر لە چوار ھەزار مەتر لە ئاستی رووی دەریاوەیە و لەوێ کاتەوە ئیدی دیار نەماوە.
بەمدواییانەدا توێژەر لە بواری پەپوولەکان، سلێمان ئاکشیئۆغڵو و پسپۆڕی ژیانی زیندەوەرانی سەر زەوی یوگۆرتجۆئۆغڵو ھەڵساون بە گەشتێکی چاودێری بۆ بەدواداگەڕانی ئەو جۆرە پەپوولەیە و سێ رۆژیان پێچووە، دوای تێپەڕبوونی نیو سەدە لە دەرکەوتنی کۆتایی، ئەو دوو توێژەرە توانیویانە لە چیای ئاگری و لە بەرزیی سێ ھەزار و ٨٠٠ مەتر لە ئاستی رووی دەریا ئەو پەپوولەیە بدۆزنەوە.
ئاکشیئۆغڵو لەوبارەیەوە دەڵێت ئەو پەپوولەیە لە ناوچە ساردەکان دەژێت و لە دوایین چاخی بەستەڵەکەوە ھاتووە بەرلە ١٢ ھەزار ساڵ و لەگەڵ کەمبوونەوەی بەستەڵەک لە بەرزاییەکانی چیای ئاگری ماوەتەوە و نەچووە بۆ شوێنی دیکە.
لای خۆیەوە یوگۆرتجۆئۆغڵو رایگەیاند کە ئەو جۆرە لە پەپوولە لە وەچە دەگمەنەکانە لە تورکیا و کاتێک مرۆڤ بەرامبەری دەوەستێت ھەست دەکات بەرامبەر بە زیندەوەرێکە کە لەسەردەمی بەرلە مێژوو ھەبووە.