Nuran Erkul Kaya
09 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 09 تشرینی دووەم 2021
گلاسگۆ – AA
سبەی لە تورکیا رێککەوتننامەی پاریس کە ئامانج لێی سنووردارکردنی گەرمی زەوی تاکو کۆتایی ئەم سەدەیە بۆ ١،٥ پلەی سەدى دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە دوای ئەوەی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا، ئەوەی راگەیاند کە تورکیا دەبێتە لایەنێک لە رێککەوتننامەی پاریس، رۆژی شەشی تشرینی یەکەم رێککەوتننامەکە لە پەرلەمانی تورکیا پەسەندکرا.
رۆژی حەوتی تشرینی یەکەم بڕیاری پەسەندکردنی رێککەوتننامەکە لە رۆژنامە فەرمییەکان بڵاوکرایەوە و رۆژی ١١ی تشرینی یەکەم بڕیاری پەسەندکردنی رێککەوتننامەی پاریس لەلایەن تورکیاوە بۆ سکرتارییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان نێردرا.
بەمشێوەیە، دوای ئاگادارکردنەوەی سکرتارییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ٣٠ رۆژ و لە ١٠ی تشرینی دووەمەوە رێککەوتننامەکە لە تورکیا دەچێتە بواری جێبەجێکردن و تورکیا دەبێتە وڵاتی ژمارە ١٩٢ کە ببێتە لایەن لە رێککەوتننامەکە.
- پاڵپشتیی رای گشتیی نێودەوڵەتی بۆ پەسەندکردنی رێککەوتننامەکە لەلایەن تورکیاوە
ئەمینداری جێبەجێکار لە رێککەوتننامەی چوارچێوەیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە گۆڕانی ئاووهەوا، پاتریسیا ئیسپینۆسا لە بیست و شەشەمین کۆنفرانسی لایەنەکان (26COP) کە لە ٣١ی تشرینی یەکەمەوە لە شاری گلاسکۆ بەردەوامە، سەبارەت بەوەی کە تورکیا بووەتە لایەنێك لە رێککەوتننامەی پاریس، وەڵامی پرسیارەکانی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی دایەوە.
پاتریسیا ئیسپینۆسا گوتی: "تورکیا ئابوورییەکی گەورەیە، لەبەر ئەم ھۆیە، ئەو کاریگەرییەی تورکیا دەیبێت لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی ئاووھەوا لە تەواوی ئەو بوارانەی کە رێککەوتننامەی پاریس دەیگرێتەوە، زۆر گرنگە".
لەلای خۆیەوە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، فاتیح بیرۆڵ ئاماژەی بەوە کرد کە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی پاریس لە ١٠ی تشرینی دووەمەوە لە تورکیا زۆر گرنگە و گوتی:
"ئومێدەوارم ئەم ھەنگاوە، ببێتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی تورکیا لە بابەتی وزەی خاوێن ھەنگاوی بەھێزتر و خێراتر بنێت. ئێمەش وەکو ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، پاڵپشتی ئەم ھەنگاوەی تورکیا و جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی پاریس دەکەین".