Burcu Çalık Göçümlü
02 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 03 شوبات 2022
ئەنقەرە - AA
سبەی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی سەردانی کیێڤ دەکات بەبۆنەی دەیەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ستراتیجیی نێوان تورکیا و ئۆکراینا.
بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەسەر بانگهێشتی ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی بەبۆنەی دەیەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ستراتیجیی تورکیا-ئۆکراینا، سبەی سەردانێکی فەرمی بۆ ئەو وڵاتە ئەنجام دەدات.
لەو کۆبوونەوانەی کە لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە بە بەشداری وەزیرانی پەیوەندیدار لە کیێڤ ساز دەکرێت، چاودەخشێنرێتەوە بە سەرجەم رەهەندەکانی پەیوەندیی تورکیا-ئۆکراینا لەسەر ئاستی ستراتیجیی هاوبەش، هەروەها قوڵترکردنەوەی هاریکاریی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ دەکرێت.
لە کۆبوونەوەکاندا جگە لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، بیروڕا ئاڵوگۆڕ دەکرێت لەبارەی بابەتە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان.
بەبۆنەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە، واژووکردنی رێککەوتننامە و یاداشتی جۆرا و جۆری لێکتێگەیشتن لە بەرنامەی کاردا دەبن کە هاوکاری گرنگن لە بنیادی پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا.