Muhammet Ali Kemal
01 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 02 شوبات 2017
بەرلین- AA
سبەینێ راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ بە سەردانێکی یەک رۆژە دەگاتە تورکیا.
سەردانەکەی ئەنگێلا مێرکڵ، لەدوای هەوڵی ئەنجامدانی کودەتا لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچییەوە لە 15ی تەمووزدا، گرنگیی خۆی هەیە.
بڕیارە مێرکڵ لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبێتەوە و دواتریش سەردانی پەرلەمانی تورکیا بکات و ئەو بەشانەی پەرلەمان بەسەربکاتەوە کە شەوی هەوڵی ئەنجامدانی کودەتا، بۆردومان کران.
راوێژکاری ئەڵمانیا لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی، بینالی یڵدرمد کۆدەبێتەوە و بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکانیش وەک هەرسێ سەردانەکەی ساڵی 2016ی ناوبراو، قەیرانی پەنابەران دەبێت.
ئەنگێلا مێرکڵ گرنگی زۆر دەدات بە مانەوەی رێککەوتننامەی سەبارەت بە پەنابەران کە لەنێوان تورکیا و یەکێتیی ئەورووپادا، واژوو کراوە.
مێرکڵ نایەوێت بەر لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ئەڵمانیا کە بڕیارە لە مانگی ئەیلوولدا بەرێوەبچێت، نایەوێت هیچ کێشەیەکی تایبەت بە پرسی پەنابەران بێتە بەردەمی، لەپێناو پاراستنی سنوورەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیکردن بە مرۆڤەوە، بایەخ بە رێککەوتننامەکە دەدات.
لەبەرامبەردا تورکیا سەبارەت بە رێککەوتننامەکەی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپادا ئاماژە بەوەدەکات کە یەکێتییەکە بەرپرسیارێتییە داراییەکانی جێبەجێ نەکردووە و لەبابەتەکانی هاوشێوەی هەڵگرتنی ڤیزە لەسەر هاووڵاتییانی تورکیا، بەڵێنەکانی نەهێناوەتە دی.
- بەرەنگاربوونەوەی هاوبەشی تیرۆر
چاوەڕوان دەکرێت یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی دیکەی کۆبوونەوەکانی مێرکڵ، هاریکاریی بێت لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا. تورکیا لەچاوەڕوانی ئەوەدایە ئەڵمانیا رێوشوێن دژی هەریەک لە پەکەکە و فەتۆ بگرێتەبەر.
تورکیا داوای ئەوە لە ئەڵمانیا دەکات رێگریی لەچالاکییە داراییەکان و بانگەشەکانی فەتۆ بکات و دوای رادەستکردنەوەی ئەو ئەندامانەی رێکخراوەکە دەکات کە دوای هەوڵی ئەنجامدانی کودەتا بۆ ئەڵمانیا هەڵاتوون.