Sangar Hamad Azeez
13 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 16 تشرینی دووەم 2015
ئەنقەرە
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، ئەحمەد داودئۆغڵو سەردانی مەهمەت گۆرمەزی کرد کە دووبارە وەک وەزیری کاروباری ئاینی هەڵبژێردرایەوە و لە سەردانەکەش هەریەک لە جێگری سەرۆکوەزیران، یاڵچن ئاکدۆغان، جێگری سەرۆکی گشتی ئاک پارتی، مەهمەت ئۆزهاسێک و وەزیری پێشوی تەندروستی رەجەب ئاکداغی لەگەڵ بوو".
دوا بەدوای کۆبوونەوەکەش سەرۆکوەزیرانی تورکیا، ئەحمەد داودئۆغڵو وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و گوتی: "وەزارەتی کاروباری ئاینی یەکێک لە گرنگترین وەزارەتەکانە لەبەرئەوەی هۆکارێکە بۆ پێکەوەژیان و تەبایی".
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسێکدا ئەحمەد داودئۆغڵو گوتی: "هەفتەی داهاتوو قۆناغی پێکهێنانی حکوومەت دەست پێدەکات".
لە وەڵامی پرسیاری ئایا چاوەڕوانی ئەوە دەکەن سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرێ ئەوکات حکوومەت پێکبهێنن یاخود نا ئەحمەد داودئۆغڵو گوتی: "وەڵامی ئەو پرسیارەیە لای سەرکۆمارە و ئەو بڕیار دەدات".
سەبارەت بە دواین پێشهاتی ئۆپەراسیۆنەکانی سیلڤان سەرۆکوەزیرانی تورکیا گوتی: "ئێمە لە ٢٣ی تەمووزدا بە ئامانجی ئارامی و ئاشتی ئۆپەراسیۆنەکانمان دەستپێکرد و تاکو ئێستاش بەردەوامە، ئەوکات بە روونی رامانگەیاند تاکو سەنتیمەترێک دوجا مابێت لەخاکی تورکیا کە ئاژاوەی تێدابێت ئێمە درێژە بە ئۆپەراسیۆنەکان دەدەین".
لە وەڵامی پرسیاری ئایا ئۆپەراسیۆنەکان بۆ ئەوە بوو کە ئاک پارتی لە هەڵبژاردنەکان دەنگێکی زۆر بەدەست بێنێت ئەحمەد داودئۆغڵو گوتی: "دوای هەڵبژاردنەکانیش یەکەم کۆبوونەوەمان لەسەر ئەوەبوو چۆن هەوڵدەین تیرۆر لە تورکیا دوربکەینەوە و چیاکان، قەزاکان، شارۆچکەکان ، شەقام و شارەکان پاک بکەینەوە، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیامان داوە تا تیرۆر مابێت ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوام بن، پێویست ناکات کەس پڕوپاگەندە بکات، ئێمە باش دەزانین کە لە سیلڤان چی روودیا و لە کام شەقام و بیناو قوتابخانەدا چی کرا".