Hamit Hüseyin
13 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 14 تشرینی دووەم 2015
شەنگال - AA
سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی چەكدار مەسعود بارزانی پرێس کۆنفڕانسێکی پاش رزگارکردنی شەنگال لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە لە شەنگال راستەوخۆ بۆ میدیاکان ساز کرد.
سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەرەتادا پەیامەکەی بەمجۆرە دەست پێ کرد: "پیرۆز بێت ئەم سەرکەوتنە لە خەڵکی کوردستان بەتایبەت برایان و خوشکانی ئێزدی. بەڵێنمان دا و بەڵێنی خۆمان جێبەجێ كرد. ئەمڕۆ ئێمە لە شەنگالین. بەتایبەت بۆ خوشک و برای ئێزدیمان سەلمێنرا کە پشت و پەنای ئەوانین و بەشێکی رەسەنن لە نەتەوەی کورد. با کچی ئێزدی دەنگی خۆی بەرز بکاتەوە و بڵێ کچی کوردم و هێمای سەربڵیندی و بەرخۆدانم. سەرکەوتن لە شەنگال کاریگەریی لەسەر ئازادکردنی ناوچەکانی تریش دەبێت و سپاسی هێزی ئەمریکا و هێزی هاوپەیمان دەکەم".
بارزانی زیاتر گوتی: "شەنگال هێمای مەزڵوومییەتی میللەتی کوردە و ئەمە وانەیەکە بۆ ئەوەی کەسی تر جارێکی تر زوڵم لە میللەتی کورد بکات. ئێزدی کوردن و تۆڵەی پێشمەرگە بە مەردایەتییە و بە مەردایەتییەوە تۆڵەی کردەوە. شەڕی داعش شەڕی هەموو لایەکە و هەتا داعش تەواو نەبێت ئەم شەڕە لەگەڵ داعش بەردەوام دەبێت".
دەربارەی ئەو هێزەی کە لە رزگارکردنی شەنگالدا هەبووە سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "رزگارکردنی شەنگال لەسەر دەستی پێشمەرگە پەیامێکە و هەتا ئێمە نەهاتین کەس هەوڵێکی نەدا و هەوڵ دەدەین شەنگال ببێتە پارێزگە".
مەسعود بارزانی لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی ئازادکردنی شەنگال گوتی: "شەنگال بە خوێنی پێشمەرگە ئازاد بووە و لە هەموو بوارێکەوە سەر بە هەرێمی کوردستانە و لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ هەوڵ دەدەین ببێتە پارێزگە. بێجگە پێشمەرگە هیچ هێزیكی تر بەشداری نەکردووە و بێجگە ئاڵای کوردستان نابێ هیچ ئاڵایەکی تر هەڵبکرێت".
بارزانی لە کۆتاییدا لە وەڵامی چەند پرسیارێکدا زۆر شەفاف دوا و دەربارەی هەوڵیان بۆ ئاوەدانکردنەوە و هەروەها چارەنووسی هاووڵاتیانی عەرەب لە دەڤەری شەنگال گوتی: "ئەوەی لە دەستی ئێمە بکرێت، درێغی ناکەین و داوا لە حکوومەتی فیدراڵ و لایەنەکانی نێودەوڵەتی دەکەم هەوڵی خۆیان بدەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی شەنگال. سەبارەت بە ئەو شوێنانەی هاووڵاتیانی عەرەبی تێدا دەژین ئەوانەی تاوانیان نەکردووە پارێزراون و ئەوانی لەگەڵ رێکخراوی داعش بوون وەکو داعش مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت".