Fatma Sevinç Çetin,Ahmet Sertan Usul
11 کانوونی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 11 کانوونی یەکەم 2023
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، بڵاویکردەوە کە لەو ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییانەی لە گارا، مەتینا، خواکورک و قەندیل لە باکووری عێراق ئەنجامدران ١٣ ئامانج لەناوبران کە پێدەچێت تیرۆریستانی بەرپرسی پلە باڵایان لەناودابووبێت.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە بە ئامانجی لەچالاکی خستنی تیرۆریستانی پەکەکە/کەجەکە و تیرۆریستەکانی دیکە و لەناوبردنی ئەو پەلامارە تیرۆریستیانەی لە باکووری عێراقەوە دەکرێنە سەر خەڵک و هێزە ئەمنییەکان، ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان ئەنجامدراون.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە ئۆپەراسیۆنەکان لە چوارچێوەی مافی شەرعییە ڕەواکانی بەرگرییکردن لەخۆ کە لە ٥١ھەمین ماددەی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەنجام دراون.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە کاتژمێر١٧:٠٠ی ئەمڕۆ زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی کرایە سەر ئامانجەکانی تیرۆریستان لە ناوچەکانی گارا، مەتینا، خواکورک و قەندیل لە باکووری عێراق و ١٣ ئامانج لەناوبران، کە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی جوداخوازەوە بەکارهێنراون و پێدەچێت تیرۆریستانی بەرپرسی پلە باڵاشیان لەناودابووبێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە ئۆپەراسیۆنەکاندا بەشێوەیەکی بەرچاو تەقەمەنی ناوخۆیی و نیشتمانیی بەکارهێندرا و ژمارەیەکی زۆر تیرۆریست لەچالاکی خران و، هاتووە: "سوپای تورکیا کە لە گەلێکی ڕەسەنەوە سەرچاوەی گرتووە، وەک ڕابردوو ئەمڕۆش لە پێناو مانەوەی وڵات و گەلەکەمان و ئاسایشدا پێداگرانە و بەشێوەیەکی کاریگەر هەتا نەمانەوەى یەک تیرۆریست بەردەوام دەبێت لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. لەم ئۆپەراسیۆنەشدا هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست دەگیرێتەبەر بۆ ئەوەی کەسانی مەدەنی بێتاوان، دۆستان و شوێنەوارە مێژوویی و کلتوورییەکان و دەوروبەریان زیانیان پێنەگات".