Muhammet Ali Kemal
06 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 07 تشرینی یەکەم 2016
ئەنقەرە - AA
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم ئاماژەی بەوەکرد ناسەقامگیریی زۆر جددیی لە دەورووبەری وڵاتەکەی بوونیان هەیە و لەئێستادا پێشهاتی نوێ سەبارەت بەو ناسەقامگیرییانە لە ئارادان و گوتی: ''ئەو وڵاتەی زۆرترین کاریگەریی بەهۆی ناسەقامگیرییەکانی سووریا، عێراق و هەموو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری دەریای رەشەوە کەوتووەتە سەر، تورکیایە. تورکیا ماوەی شەش ساڵە باجی ئەمە دەدات''.
بینالی یڵدرم بەشداریی لە 9هەمین شورای پیشەسازیی و بازرگانییدا کرد کە لە بارەگای یەکێتیی ژوورەکان و بۆرسەکانی تورکیا سازکرابوو.
یڵدرم باسی لەوەکرد بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی تورکیاوە، بەدرێژایی مێژوو هەمووان چاویان لەسەری بووە و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە تورکیا لەنێوان شارستانێتییەکانی خۆرهەڵات و ئەوانەی خۆرئاوادا راڕەو بووە.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئاماژەی بەوەکرد تورکیا نەک هەر لەو ناوچەیەی بوونی هەیە سەرگەرمی بنیاتنانی داهاتووی گەل و وڵاتەکەی بووە بەڵکو دەستەبەری ئەوەشی کردووە کە شارستانێتییە جۆراوجۆرەکان لە ئاشتیدا بژین و گوتی:
''''ئەو وڵاتەی زۆرترین کاریگەریی بەهۆی ناسەقامگیرییەکانی سووریا، عێراق و هەموو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وباکووری دەریای رەشەوە کەوتووەتە سەر، تورکیایە. تورکیا ماوەی شەش سالە باجی ئەمە دەدات. بەداخەوە لەزۆر رووەوە باجی ئەمە دەدات. پەنابەران بۆ ئەوەی گیانیان رزگاربکەن سەرەتا رێگەی تورکیا دەگرنە بەر. ئێمە بەهۆی دابونەریتەکانمان، مێژوومان و رابردوومانەوە، دەست بەرووی ئەو کەسانەوە نانێین کە لەدەرگامان دەدەن. هەموو ئەو خوشک و برایانەمان کە ترسی لەدەستدانی گیانیان پەنایان بۆ هێنابووین و وڵاتەکەی خۆیان جێهێشتبوو، گرتماننە خۆ و ئەو نانەی هەمانبوو لەگهەڵیاندا بەشمان کرد''.
هەروەها گوتی: ''ئێمە ئەو کارەمان کرد کە لێمان دەوەشایەوە. هاوکات وەک تورکیا لەناوچەکەدا چالاکترین رۆڵ دەگێڕین بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەربن. لەسووریا هەرچی زووە ئەم جەنگە بێ مانایە کۆتایی بێت و چیتر کەسی بێتاوان نەکوژرێت، لەو پێناوەشدا لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکاندا لە پەیوەندیداین. تورکیا تەنها بە رێکخراوی تیرۆریستیی جوداخوازەوە سەرگەرم نییە، بەڵکو هاوکات بەرەنگاریی توندی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەبێتەوە کە چەکدارانی لە سنوورەکانی باشووری وڵاتمانەوە دزە دەکەن و لە وڵاتەکەماندا کردەوەی خۆکوژیی ئەنجامدەدەن''.