ئەنقەرە
هەر دوو پەرلەمانتاری ئاکەپە (گولای سامانجی) و (سەڤدە بایازت کاچار) رەتیانکردەوە بە تەمابن رۆژی سێشەممە (١ی تشرینی یەکەم) بە لەچک و حیجابەوە بەشداریی دانیشتنی پەرلەمان بکەن.
سامانجی و کاچار بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو AA لێدوانیان دا.
لە وەڵامی پرسیاری ئاخۆ بەنیازن رۆژی سێشەممە ١ی ئۆکتۆبەر بەباڵاپۆشی بچنە پەرلەمان؟ سامانجی گوتی " لەمبارەیەوە هیچ پەیامێکم نییە، ئەگەر لەو لایەنەوە بڕیارێکیش بدەم ئەوا بەبژاردەی خۆم دەبێ، ئەگەر کەسێ بڕیاری باڵاپۆشی بدا، دەبێ بەبڕیاری خۆی بێ لەو بڕوایەدام دوای ئەوەی بڕیاری باڵاپۆشی دا هاوڕێکانی رێز لەو بڕیارەی بگرن. پێویستە ئیرادەی وەرگرتنی ئەو بڕیارە بۆ خودی کەسەکە بەجێبهێڵرێ. ئەگەر بڕیاری ئەوە بدەم ئەوا بەشێوەیەکی سیمب،لی جێبەجێی ناکەم. لەسەر رەزامەندیی و فەرمانی خوا و بڕوای ئایینی خۆم ئەو بڕیارە جێبەجێ دەکەم. من ئێستا چۆنم، لە ١ی ئۆکتۆبەریش بەهەمان شیوە دەبم. باڵاپۆشی شتێکی نائاسایی نییە. ملیۆنان کچ و ژن بەباڵاپۆشی دەسوڕێنەوە. دەکرێ لە پەرلەمانیش بەهەمان شێوە بێ، ئەمە شتێکی ئاساییە و دەبێ رێی پێبدرێ".
هەر لەبارەی ئەو پرسەوە پەرلەمانتار کاچار گوتی "ئەگەر خوا بیکا بە نسیب، باڵاپۆشی شتێکە هەموو ئافرەتێک پێویستە ئەنجامی بدا، بەڵام من ئێستا وا هەست دەکەم هێشتا ئامادە نیم. لەوانەیە لەبەر ئەوەی منیان خۆش دەوێ شتێکی وایان باسکردووە بەمەش خۆشحاڵم. ئەگەر خوا بیکات بەنسیبم، دەکرێ بڕیاری باڵاپۆشی بدەم".
کاچار گوتیشی "چۆن چومەتە ناو پەرلەمان، ئێستاش بەهەمان شێوە بەردەوام دەبم. رابردوو نموونەی پەرلەمانتار مەرڤە کاڤاکچی هەیە. ئۆپۆزسیۆن رایگەیاندووە کە رێگری ناکات لە هاتنی پەرلەمانتارە پاڵاپۆشەکان بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان. پشتگیریی لەو دەستەخوشکانەم دەکەم کە بیانەوێ ببن بەباڵاپۆش و بەمەش زۆر خۆشحاڵ دەبم. فراکسیۆنەکەمان لە پەرلەمان هیچ کاتێ پێمان ناڵێ ببن بەباڵاپۆش یان بەپێچەوانەوە، بەڵام ئێمە چۆن چوینەتە پەرلەمان بەهەمان شێوە بەردەوام دەبین".