Nur Asena GÜLSOY
26 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 27 تەمووز 2018
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو وەڵامی ھەڕەشەکانی ئەمریکا بە سەپاندنی سزا بەسەر تورکیا لە ئەگەری ئازادنەکردنی قەشەیەکی ئەمریکی دایەوە و گوتی: "ھیچ کەسێک ناتوانێ ھیچ بابەتێک بەسەر تورکیا بسەپێنێت".
چاوشئۆغڵو لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر وەڵامی ترەمپی دایەوە کە دەست لە کاروباری دادوەری تورکیادا وەردەدات.
چاوشئۆغڵو گوتی: "ھیچ کەسێک ناتوانێ ھیچ بابەتێک بەسەر تورکیا بسەپێنێت. ھەڕەشە لە ھیچ کەسێک قبوڵ ناکەین. سەروەری یاسا بە بێ جیاکاری ھەموو کەسێک دەگرێتەوە".
ترەمپ لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاندبوو "ئەمریکا بەھۆی دەستگیرکردنی قەشە ئاندرێو برونسۆن کە پاوێکی کریستیانی گەورە و باوکی خێزانێکی شاھانەیە، ئەوا سزای قورس بەسەر تورکیادا دەسەپێنێت. پێویستە ئەم پیاوە باوەڕدارە بێ تاوانە دەستبەجێ رزگار بکرێ".
لە پاڵ ئەمەش وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پێنس لە ساتی بەشداریکردنی لە پرۆگرامێکی وەزارەتی دەرەوە ھەمان گوتەی ھەڕەشەئامێزی ئاراستەی تورکیا کردبوو. پێنس رایگەیاندبوو "ئەگەر تورکیا دەستبەجێ قەشە ئاندرێو برونسۆن ئازاد نەکات و رەوانەی ماڵەکەی خۆی لە ئەمریکا نەکات ئەوا ئەمریکا تا رزگارکردنی ئەو پیاوە باوەڕدارە بێ تاوانە گەماڕۆی گرنگ بەسەر تورکیا دەسەپێنێت".
تورکیا بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوان و کاری سیخوری بۆ ھەردوو رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ و پەکەکە قەشەیەکی ئەمریکی بە ناوی ئاندرێو برونسۆنی دەستگیر کرد و داوای سزای زیندانی ٣٥ ساڵ بۆ ناوبراو دەکرێ.
ھاوکات دوێنێ بەھۆی خراپی دۆخی تەندروستی ناوبراو لە زیندانی گشتییەوە گواسترایەوە بۆ زیندانی نێو ماڵ.