Cem Ali Kuş,Kadir Yıldız,Sefa Tetik
29 تشرینی یەکەم 2025•نوێکردنەوە: 30 تشرینی یەکەم 2025
کۆجائەلی - AA
لە قەزای گەبزە لە پارێزگای کۆجائەلی، کارەکانی گەڕان و ڕزگارکردن لەو باڵەخانەیەدا بەردەوامە کە داڕووخا.
بە هۆکارێک کە هێشتا دیار نییە، باڵەخانەیەکی حەوت نهۆمی لە گەڕەکی مەولانای قەزاکە ڕووخا.

دوا بە دوای ئاگادارکردنەوەیان، تیمەکانی پۆلیس، ئاگرکوژێنەوە، ئافاد و تەندروستیی ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کران و، بەردەوامن لە کارەکانی گەڕان و ڕزگارکردن.
سەبارەت بە ڕووداوەکە پارێزگاری کۆجائەلی، ئیلهامی ئاکتاش ئاماژەی بەوە کرد هیچ زانیارییەکی ڕوون نییە سەبارەت بە هۆکاری ڕووخانی بیناکە و، ڕایگەیاند: "لە ئێستادا کارەکانی گەڕان و ڕزگارکردن لە پێشینەی کارەکانمانە. هاوڕێیانمان لەبارەی چۆنیەتی ڕووداوەکە دەکۆڵنەوە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانمان پێنج کەس کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی ڕووخاوی بیناکە. خەڵک لە بیناکەدا دەژین، بەڵام تا ئەمڕۆ پێنج کەس هەن کە پێمان وایە لە بیناکەدا بوون و پشتڕاستمان کردووەتەوە. ئەویش تەنیا خێزانێکن. تیمەکانی ئافاد لە ئێستادا سەرقاڵی گەڕانن و، هێشتا هیچ پەیوەندییەک لەگەڵ ئەو کەسانەدا دروست نەبووە. لە کەسوکاریان پشتڕاستمان کردووەتەوە کە پێنج کەس کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی ڕووخاوی بیناکە. بیناکە حەوت نهۆمە".
