16 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 18 تشرینی دووەم 2017
سلێمانی-AA
تیمی ئافاد لە گوندی بەمۆی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە ٢٥٠ چادریان بەسەر خێزانە لێقەوماوەکانی ئەو ناوچەیەدا دابەش کرد.
سەرۆکی ئافاد محەمەد گولئۆغڵو لەگەڵ وەفدی یاوەریدا سەردانی گوندی بەمۆیان کرد کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە. تیمەکانی ئافاد ٢٥٠ چادریان بەسەر ئەو خێزانانەدا دابەش کرد کە خانووەکانیان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە.
تیمی تەندروستی (رزگارکردنی تەندروستی نیشتمانی) ناسراو بە UMKE پشکنینی بۆ ئەو هاووڵاتیانە کرد کە نەچوونەتە نەخۆشخانە.
هاووڵاتی سلێمان فەرەج کە یەکێکە لە زیانلێکەوتووەکانی ناوچەکە لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا کە ئەو یارمەتیانەی بەسەریاندا دابەش کراوە ژیانی رزگار کردوون و گوتی "بەهۆی بومەلەرزەکەوە ماڵەکەمان زیانی بەرکەوتووە، خێزانەکەم شەو لەسەر جادە دەخەوتن. ئێستا لەرێی ئەو چادرانەی کە دابەش کراون، تا ئەو کاتەی خانووەکانمان نۆژەن دەکرێنەوە تێیدا دەمێنینەوە. بۆیە سوپاسی ئەو دەزگا تورکیە دەکەم کە هاتووە یارمەتیمان بدات".