Muhammet Ali Kemal
14 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2015
سەرۆکی کاروباری ئایینی تورکیا مەهمەت گۆرمەز لە شوێنی کارەکەی پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی کۆمەڵگە مسوڵمانەکان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەریک زافەر کرد.
گۆرمەز ئاماژەی بەوە کرد عەلمانییەت توندوتیژییەکی ئەوتۆی بەرهەم هێناوە کە ئەو توندوتیژییەی لە ئایینەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، تێپەڕاندووە و تەواوی جیهانی پەلکێشی نێو جەنگێک کردووە و گوتی: "مرۆڤەکان توانیان لە رێگەی داهێنانی زانستییانەترەوە بیر لە بۆمبی ئەتۆمی بکەنەوە. چەکەکانی کیمیاوییان دروست کرد، چەند هێندەی ژمارەی ئەو مرۆڤانەی لە جەنگەکانی مێژوودا گیانیان لەدەست داوە، لە جەنگە مۆدێرنەکاندا بوونەتە قوربانی. دوو جەنگی جیهانی گەورە رووی دا، ئێستا باس لە جەنگی سێهەمی جیهانی دەکرێت. تەنانەت لە سەر زاری بەڕێز پاپاوە گوێمان لە گوتەیەکی لەوجۆرە دەبێت".
مەهمەت گۆرمەز کاردانەوەی بەرامبەر بە گوتەکانی دۆناڵد ترەمپ کە خۆی وەک کاندیدای هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا تۆمار کردووە، نیشان دا و گوتی: "لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا، پێش هەڵبژاردن کاندیداکان دەتوانن مشتومڕی ئەوە بکەن کە 'مسوڵمانەکان لە ئەمریکا وەردەگرن یان وەریانناگرن' لێرەدا سەپاندنی تاوانی هیچ گەلێک یان شوێنکەوتەی هیچ ئایینێک بەسەر ئەوی دیکەدا، کارێکی دروست نییە. ئێمە لەم ناوچەیە ئازاری زۆر گەورەمان هەیە، ئەم ئازارانەمان تەنها بەهۆی هاتنەکایەی دواتری داعش و گرووپەکانی تێرۆریستی دیکەوە نییە. هەریەک لەمانە ئەنجامێکە، هۆکار نییە. بەتایبەت کاتێک ناوچەکە بووەتە مەیدانی پێکدادانی هێزەکانی نێودەوڵەتی، ئەمە بووەتە هۆکاری یەکەم. لە ئەنجامی ئەو شەڕانەی یەکەم جار لە ئەفغانستان، دواتر لە عێراق، بۆسنە، چیچان و ناوچەکانی دیکەدا هاتنەئاراوە، چەند نەوەیەک کە بێ بەشن لە پەروەردە و لەسایەی توندوتیژی و دڕندەییدا گەورە بوون و لەدایکبوون. ژمارەی ناسنامە مەترسیدارەکان و زانیارییە پڕ کەموکوڕییەکان زیادی کرد. لەلایەکی دیکەشەوە کۆچی گەورە دەستی پێ کرد. ئەم کۆچبەرانە نەیانتوانی لەو وڵاتانەی کە بۆی رۆیشتوون، رابێن. ئەوان پارێزگارییان لە بوونی خۆیان کرد و بەو جۆرەش پەراوێز خران. هەلی ئەوەیان نەبوو زانیارییان پەروەردە سەبارەت بە ئایینەکەیان وەربگرن. وایلێهات بەرەو لادان چوون. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی نزیکایەتییەک لە نێوان ئەو نەوانەی کۆچبەران کە ئایینیان بەشێوەیەکی هەڵە وەرگرتووە و ئەو کەسانەی کە لە ناوچەکەدا لە سایەی توندوتیژیدا گەورە بوون، دروست ببێت. ئەم نەوانە ئەوەیان هەڵبژارد کە وەک ئایدۆلۆژیا باوەش بە ئاییندا بکەن".