Ayşe Yıldız,Sinan Özmüş
19 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 20 تەمووز 2023
ئانتالیا – AA
کچ و کوڕێکی بێباوک کە بەهۆی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرایناوە یەک ساڵ و شەش مانگە لە ئانتالیا میوانداری دەکرێن و گەیشتوونەتە قۆناغی پێگەیشتن بە دابونەرینی ئۆکراینی هاوسەرگیرییان ئەنجام دا.
دوای ئەوەی بەهۆی جەنگی ئۆکراینا و دوای گفتوگۆی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و خاتوو ئەمینەی هاوسەری لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا، ڤولۆدیمێر زێلێنسکی و خاتوو ئۆلێنای هاوسەری بڕیار درا مێردمنداڵ و ئەو منداڵانەی لە خانەکانی بێسەرپەرشتان دەژین لە ئۆکراینا بهێندرێنە تورکیا، ٢٧ی ئاداری ساڵی رابردوو بە گرووپ هێندرانە تورکیا و لە هۆتێلەکاندا میوانداری دەکرێن.
ئارتور بۆریسۆڤ (١٩ ساڵ) و دیانا هلەیبۆڤا (١٨ ساڵ) کە لە هۆتێلەکانی هەردوو شارۆچکەی ماناڤگات و کەمەر لە پارێزگای ئانتالیا میوانداری دەکرێن، دوای ئەوەی یەکتر دەناسن و دەبنە بە هاوڕێ، بڕیاری ئەنجامدانی هاوسەرگیری دەدەن و بۆ ئەم مەبەستە داوای هاوکاری لە کۆنسوڵخانەی ئۆکراینا لە ئانتالیا دەکەن و رێوڕەسمی مارەبڕینیشیان بەپێی دابونەریتی خۆیان لەوێ ئەنجام دەدرێت.
وەک دەربڕینی سوپاسگوزاری بەرامبەر بە تورکیا و وەک ئاماژەیەک بە ئاڵای تورکیا، هاوڕێیانی بووک و زاوا بە جلوبەرگی سوور و سپی بەشدارییان لە رێوڕەسمی هاوسەرگیرییەکەدا کرد و بووک و زاوا وەک نەریتی خۆیان بۆ هاوسەرگیری نانی سوێریان خوارد.
کۆنسوڵی ئۆکراینا لە ئانتالیا، ئۆلێکساندر ڤۆرانین ئاماژەی بەوە دا کە تورکیا رۆڵێکی گرنگی هەبووە بۆ ناسینی ئەم کچ و کوڕە و بڕیاردانیان بۆ ئەنجامدانی هاوسەرگیری و گوتی: "ئەمە نموونەیەکی جوانیشە بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات".
هلیەبۆڤا هیوای خواست بەزووترین کات جەنگ لە ئۆکراینا کۆتایی بێت و گوتی: "بە عەشقەکەی خۆم گەیشتم و هیوادارین خانەوادەیەکی گەورە پێک بهێنین، بۆیە سەرەتا دوو براکەی هاوسەرەکەم بەخێو دەکەم و دواتر دەمەوێت منداڵمان ببێت".
لای خۆیشیەوە بۆریسۆڤ گوتی: "دەمانەوێت بۆ داهاتوو بچین لە پۆڵەندا بژین و دوو براکەشم لەگەڵ خۆماندا ببەین".