Sarmand Hameed
20 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 21 نیسان 2022
ئەنقەرە - AA
لە سەردانێکی وەزیری پیشەسازیی و تەکنەلۆجیای تورکیا، مستەفا ڤارانک بۆ کارگەیەک لە پارێزگای یۆزگات ناوەڕاستی وڵاتەکە، ئەوە ئاشکرا کرا کە، کڵاو و جلوبەرگە گوللەنەبڕەکەی سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی و تیمەکەی لە تورکیا بەرهەمهێنراوە.
مستەفا ڤارانک سەردانی کارگەی گارانتی کۆمبۆزیت-ی کرد و لە میانیدا بەشەکانی بەرهەمهێنانی جلوبەرگی گوللەنەبڕ و ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی، بەسەرکردەوە.
ڤارانک لە میانی گفتۆگۆی لەگەڵ کارمەندانی کارگەکەدا، ئەوەی پێڕاگەیەندرا کە ئەوان وەک کارگە لەسەر داوای ئۆکراینا و لە رۆژانی یەکەمی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئۆکراینا و رووسیادا، ٢٠ کڵاو و چاکەتی گوللەنەبڕیان بۆ زێلێنسکی و تیمەکەی ناردووە.
بەڕێوبەری کارگەی گارانتی کۆمبۆزیت، ڤهدات تۆزیەر، لە میانی گوتەکەیدا رایگەیاند، کارگەکەیان سووکترین کڵاوی گوللەنەبڕ لەسەر ئاستی جیهان بەرهەم دەهێنێت.
ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ساڵی ٢٠١٣ـەوە بەرهەمەکانیان هەناردەی زیاتر لە ٥٠ وڵات دەکەن و نزیکەی لەسەدا ٨٠ی پێداویستییەکانی تورکیا لە کڵاوی گوللەنەبڕ تورکیا پڕدەکەنەوە.