Huzeyfe Tarık Yaman
06 ئاب 2026•نوێکردنەوە: 06 ئاب 2026
کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمانی تورکیا، بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، تەکین بینگۆل بەڕێوەچوو.
پەرلەمانتاری مێرسین-ی ئاک پارتی، عەلی کراتڵی ئاماژەی بەوە کرد وازیان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر نەهێناوە و ناهێنن.
کراتڵی باسی لەوە کرد بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر نەک تەنیا بە چەک، بەڵکو بە عەقڵێکی بەهێزی دەوڵەت بۆ تێکشکاندنی گشت ئەو زەمینانەی هۆکاری مانەوەی تیرۆرن سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت و، گوتی: "ئەمڕۆ ئەو ئامانجەی لە پێناو تورکیای بێ تیرۆردا بەڕێوەی دەبەین، ناوی دەسەڵاتی دەوڵەتەکەمان، یەکڕیزیی گەلەکەمان و بڕوامانە بە داهاتوویەکی هاوبەش. دەمەوێت بەتایبەت جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە ئەم پرۆسەیە یادەوەری شەهیدە ئازیزەکانمان فەرامۆش ناکات، بەڵکو پرۆسەیەکە بۆ پاراستنی ئەمانەتەکانی ئەوان. هەرگیز سازش لە ئاڵای مانگ و ئەستێرەمان، نیشتمانەکەمان، دەوڵەتەکەمان و یەکڕیزیی گەلەکەمان کە شەهیدەکانمان لە پێناویدا گیانی خۆیان بەخت کرد ناکەین".
گوتیشی: "ڕێگە نادەین هیچ دایکێکی شەهید مل کەچ بکات. لە نێو هیچ تێگەیشتنێکدا نابین دڵی باوکی شەهیدێک بڕوشێنێت، چونکە ئەگەر ئەمڕۆ لەژێر چەتری ئەم پەرلەمانی غازیەدا بە ئازادی و سەربەخۆیی قسە دەکەین، ئەوا قەرزاری شەهیدە ئازیزەکانمان و غازییە قارەمانەکانمانین. ئەمانەتی ئەوان ئەمانەتی نامووسمانە".
کراتڵی باسی لەوە کرد تورکیای بێ تیرۆر ناوی ئارامیی، ئاوەدانیی و تورکیای بەهێزە، ڕایگەیاند: "لە ناخەوە باوەڕموایە بەیەکەوە سەرکەوتن لەم پرۆسەیەدا بەدەستدەهێنین کە بەبێ وەلانانی هیچ بەشێکی کۆمەڵگەکەمان، بەبێ جیاکاری نەتەوەیی، مەزهەبی و تائیفی، بەبێ پشتگوێخستنی هیچ هاوڵاتییەکمان، ئازارە هاوبەشەکانمان دەگۆڕێت بۆ داهاتوویەکی هاوبەش. گەورەترین ئامانجمان ئەوەیە منداڵەکانمان لە سەدەی تورکیادا نەبنە نەوەیەک لەگەڵ تیرۆردا بژین، بەڵکو تەنیا لە کتێبەکانی مێژوودا باسی تیرۆر بخوێننەوە".