Aziz Aslan,Ömer Yasin Ergin,Mehmet Sıddık Kaya
11 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 11 ئادار 2022
دیاربەکر - AA
سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماریی (جەھەپە)، کەمال کڵچدارئۆغڵو رایگەیاند "هەوڵ دەدەین زیاتر دیاربەکر بەسەربکەینەوە. دەزانم ساڵانێکە دیاربەکرمان فەرامۆش کردووە. دانیشتوانی شارەکە گلەیی خۆیان لەو بارەیەوە ئاراستە کردم کە بۆچی سەردانی زیاتری دیاربەکر ناکەین. منیش بەڵێن دەدەم کە لەمەو بەدوا زیاتر خەڵکی دیاربەکر بەسەر بکەینەوە و بێین لە نزیکەوە چاودێری رەوش و گوزەزانیان ببین".
کەمال کڵچدارئۆغڵو گوتی: "لە میانی بەشداریکردنمان لە "دیدارەکانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، موختار و پیاوماقوڵان" کە لە هۆتێلێکی شاری دیاربەکر باشووری خۆرھەڵاتی تورکیا رێکخرابوو لە نزیکەوە چاومان بە بەشێکی دانیشتوانی شارەکە کەوت".
سەرۆکی گشتیی جەھەپە جەختیشی لەوە کردەوە کە بەردەوام دەبن لە گوێگرتن بۆ کێشەکانی هەر چینێکی خەڵکی شارەکە و گوتی: "بەیەکەوە دادەنیشنین، گفتوگۆ دەکەین و دەردەدڵی دەکەین، چونکە کێشەی تورکیا تەنیا کێشەی ئێمە نییە، بەڵکو کێشەی هاوبەشی هەموومانە. هەموو لایەکمان دەمانەوێت لە وڵاتەکەماندا بە خۆشگوزەرانی بەیەکەوە بژین. بۆیە بە بنیادنانی کەشێکی لەم شێوەیە تورکیایەکی جوان بنیاد دەنێین. کلیلی هەموو ئەمانە دیموکراسییەتە. پێویستمان بە دادپەروەرییە. شوێنێک دادپەروەریی تێدا پەیڕەو نەکرا وڵات دروست نابێت. بۆیە پێویستە دادپەروەریی بەرقەرار بکەین. مافی مرۆڤ و ئازاردی ژن و پیاو دەستەبەر بکەین. ئێمە کە پێشنیازی بەهێزکردنی سیستەمی پەرلەمانمان کرد مەبەستی سەرەکیمان لێی بەرقەرارکردنی دادپەروەریی بوو. پێویستە دادپەروەریی ببێتە ئیرادەی گەل".
کەمال کڵچدارئۆغڵو ئاماژەی بەوە دا پێویستە دادپەروەریی رەنگدانەوەی هەبێت نەک تەنیا بە قسە بێت و گوتی:
"ئەگەر بەشێوەیەکی دادپەروەرانە سەرۆک شارەوانییەکان هەڵبژێردرابێت پێویست ناکات لە ئەرکەکانیان دوور بخرێنەوە و قەییوم لە شوێنیان دابنرێن. نابێت پارتە سیاسییەکان دابخرێن. پارتە سیاسییەکان بەشێکی دانەبڕاوی دیموکراسییەتن. چەندین جار ئاماژەم بەوە دابوو و لێرەش دووبارە ئاماژەی پێدەدەمەوە. بەیەکەوە تورکیایەکی جوان و بەهێزتر هەڵدەستێنینەوە سەرپێ. دووبارە خۆشگوزەرانی و ئارامی بەرقەرار دەکەین. سەرلەنوێ برایەتی و ئاشتەوایی و دۆستایەتی زیندوو دەکەینەوە".