Sinan Uslu
12 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 12 تشرینی دووەم 2020
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاک پارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاک پارتی گوتارێکی پێشکەش کرد.
رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لە گۆڕانکاری لە بەشێکی پۆستەکان کرد و گوتی: " لەو باوەڕەدام کە وەزیری (گەنجینە و دارایی) و سەرۆکی نوێی بانکی ناوەندی لە کەمترین ماوەدا بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ ئامرازەکانی سیاسەتی دراو و کەمکردنەوەی ھەڵئاوسان و دیدگا بنەڕەتییەکانمان، دەگەیەننە ئاستێکی روون، پێشبینیکراو و سەقامگیر. بۆیە لە ھەر ھەنگاونانێکیاندا لەگەڵیان دەبم. سەرەتا دەرخستەی ئەرێنی بازاڕ لەگەڵ دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی بانکی ناوەندی و وەزیری گەنجینە و دارایی دەرخەری ئەوەیە لە رێگایەکی راستداین".
ئەردۆغان ھەر لە چوارچێوەی پرسەکانی پەیوەندیدار لە ئابووری وڵاتەکەی باسی لە بەھای دۆلار لە بەرامبەر لیرەی تورکی کرد و گوتی: "بۆ نموونە لە کاتێکدا دۆلار رۆژی ھەینیی لە ئاستی ٨،٥٤ رۆژەکەی تەواو کرد کەچی دواتر بۆ ٨،٢٣ دابەزی. دەرخستەی پۆینتی ترسی تورکیا لە ٥٢٨ پۆینتی بنەڕەتییەوە ٥٠ پۆینت کەمی کردووە و بووەتە ٤٧٨ پۆینت. لە وڵاتەکەمان لە سووی ئاڵوگۆڕی ماوەی پێنج ساڵیدا، ٥٠ پۆینتی بنەڕەتی کەمی کردووە و لە ئاستی ١٣،٢٣ دایە".
ئەردۆغان راشیگەیاند کە وەبەرھێنەرانی نێودەوڵەتی لە وڵاتەکەیان بە بەھای دوو ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار وەبەرھێنانیان بە سەروەت و سامانەکەیان کردووە.
سەرکۆماری تورکیا باسی لە پێشخستنی دەوڵەت و ئەنجامدانی چاکسازی زیاتر کرد و گوتی: "یەکێک لە بنەماکانی دەوڵەتی یاسا ئەوەیە کە وەبەرھێنان پێش بخرێت، زەمینە بۆ ئەمە بڕەخسێندرێت، ئابووری گەشە بکات، سەقامگیری بەدی بھێندرێت، خۆشگوزەرانی بێتە دی. لەپێناو بەھێزکردنی ناسنامەی دەوڵەتی یاسا و دیموکراتییەت لە وڵاتەکەمان لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا ژمارەیەک چاکسازیمان ئەنجامداوە. ھەریەک لەو چاکسازییانەی ئەنجاممانداوە لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، ھەروەھا بۆ وەبەرھێنەرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیشە. لە چەند مانگی داھاتووشدا ھەنگاوی نوێ دەنێن لەم پێناوەدا و بۆ کارکردنی خێرا و کاریگەری سیستەمی دادوەریش".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رووی قسەکانی کردە ئەندامانی فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمان و گوتی: "بە راوێژکردن لەگەڵ نوێنەرانی سیستەمی یاسایی و ئابووری گشتی و کەرتی تایبەت پێویستییەکان دەستنیشان دەکرێن و وەک دەسەڵاتی یاسادانان ئێوە و وەک جێبەجێکاریش ئێمە، ھەوڵەکان دەخەینە گەڕ و خۆمان ئامادە دەکەین بۆ قۆناغی نوێ. لە نزیکەوە چاودێری کەموکوڕی و ناتەواوییەکان دەکرێت لەگەڵ جێبەجێکردنی چاکسازییەکاندا و بەمەیش کەشی وەبەرھێنان بە ئاراستەی باشدا دیاری دەکەین. بە خستنەژێر دڵنیایی مافە بەدەستھاتووەکان و چاوەڕوانییە رەواکان، گۆڕانکارییەکان زیاتر دەبن و بەردەوام دەبین لە ئامانجەکانی وڵاتەکەمان بۆ دیموکراتی و گەشەی ئابووری".