Doğa Kırmızıoğlu
16 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 16 ئاب 2022
ئەنقەرە - AA
یەکێتیی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (FIFA)، ئەندامێتیی یەکێتیی تۆپی پێی هیندستان (AIFF)ی هەڵپەسارد.
لهو بارەیەوە فیفا راگهیهندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووه "بهكۆی دهنگ به بیانووی دهستێوهردانی دهرهكی له ئهندامانی سهربهخۆی یەکێتییەکە، ئەندامێتیی یەکێتیی تۆپی پێی هیندستان (AIFF) هەڵپەسێردرا".
جەخت لەوە کرایەوە کە ئەو سزایەی کە قسەی لەسەر دەکرێت هەڵدەگیرێت ئەگەر ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی (AIFF) لە هیندستان کە لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە جارێکی دیکە دەستبەکار ببنەوە.
راگەیەندرا بەم هۆیەوە، هیندستان ناتوانێت میوانداری مۆندیالی ئافرەتانی خوار ١٧ ساڵ بکات کە لە ١١-٣٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت.
ئەوەش خراوەتەڕوو، فیفا لە پەیوەندیدایە لەگەڵ وەزارەتی وەرزش و لاوانی هیندستان، ئەگەر رێکاری پێویست نەگیرێتەبەر، پاڵەوانێتییەکە دەگوازنەوە بۆ وڵاێکی دیکە.
هەڵبژاردنەکانی دەستەی کارگێڕیی و سەرۆکایەتی کە بڕیار بوو لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ لەلایەن (AIFF) ئەنجام بدرێن، بە هۆکاری جیاواز دواخران و پرسەکە گەیەندرایە دادگا.
دادگای باڵای هیندستان لەو بڕیارەیدا کە لە مانگی ئایاردا دەریکرد، ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی (AIFF)ی هەڵوەشاندەوە و سێ ئەندامی بۆ بەڕێوەبردنی یەکێتییەکە دەستنیشان کرد.