Sangar Hamad Azeez
29 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 30 کانوونی یەکەم 2015
رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سووریا، راپۆرتێکی لەبارەی ئاماری کوژراو و قوربانیانی شەڕی نێوخۆی سووریا لە ٢٠١٥ بڵاو کردەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکەش لە ساڵی ٢٠١٥ رژێمەکەی ئەسەد ١٥ هەزار و ٧٤٨ کەسی لە سووریا کوشتووە، لەو ژمارەیەش تەنیا ٣ هەزار و ٧٠٤ کەس چەکدار بوون و ١٢ هەزار و ٤٤ کەسەکەی دیکە هاووڵاتی سڤیل بوون کە ٢ هەزار و ٥٩٢یان منداڵ بوون.
هەر لە راپۆرتەکەدا باس لەوە دەکات کە لەم ساڵدا ٥٥٦ کەس لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەست داوە کە لە نێوانیاندا ٤ ئافرەت و ٧ منداڵ بەدی دەکرێت.
لە سەدا ٣٨ی رێژەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی پەلامارەکانی رێژێمی ئەسەدەوە گیانیان لەدەست داوە ئافرەت و منداڵن، بەشێوەیەک کە رۆژانە ١٠ منداڵ بەهۆی پەلامارەکانی سوپای ئەسەدەوە، گیان لەدەست دەدەن.
بەهۆی پەلاماری فڕۆکەکانی رووسیاش کە لە مانگی ئەیلوولی رابردووەوە دەستیان بە ئەنجامدانی هێرش کردووە لە سووریا ٨٤٩ هاووڵاتی سڤیل گیانیان لەدەست داوە کە لە نێوانیاندا ١٩٩منداڵ و ١٠٩ ئافرەت بەدی دەکرێن.
هاوکات بەهۆی هێرشەکانی یەپەگەوەش ١٣٢ هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە کە ٣٢یان منداڵ بوون و ١٢شیان ئافرەت.
بەهۆی پەلاماری گرووپەکانی رادیکاڵیش ٢ هەزار و ٢٦٥ کەس گیانیان لەدەست داوە، لەم ژمارەیەش ٢ هەزار و ٩٨یان لەلایەن رێکخراوی تیرۆرستی داعشەوە کوژراون و کە ٧٣٢یان چەکدار بوون و هەزار و ٣٦٦یان هاووڵاتی سڤیل کە لە نێوانیاندا ١٤٩ منداڵ و ١٨٨ ئافرەت بەدی دەکرێن. ئەمە لە کاتێک کە ٨ کەسیش لە ژێر ئەشکەنجەوە گیانیان لەدەست داوە.
چەکدارانی بەرەی ئەلنوسڕەش ١٦٧ کەسیان کوشتووە کە ٧٨یان چەکداری ئۆپۆزسیۆنی سووریا بوون و ٨٩ یەکەی دیکەش هاووڵاتی سڤیل.
لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنیش ١٢١ کەس گیانیان لەدەست داوە کە ٤٩یان چەکدار بوون و٧٢شیان هاووڵاتی سڤیل.
لە ئاکامی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی هاوپەیمانیش لە دژی داعش ٢٧٧ کەس گیانیان لەدەست داوە کە لە نێوانیان دا ٨٧ ئافرەت و ٤٦ منداڵ بەدی دەکرێن.