Ahmet Karaahmet,Mehmet Burak Karacaoğlu
06 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 06 کانوونی دووەم 2022
ئیدلب- AA
فڕۆکەیەکی جەنگیی رووسیا، لە رۆژئاوای ئیدلب، یەکێک لە وێستگەکانی دابەش کردنی ئاوی بۆردومان کرد و بەهۆیەوە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کەس بێئاو بوون.
بەگوێرەی خانەی چاودێری فڕۆکەوانیی سەر بە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن، فڕۆکەیەکی رووسی لە دووی کانوونی دووەمدا وێستگەیەکی دابەش کردنی ئاوی لە نزیک گوندی عهرشانی بۆردومان کردووە.
بەڕێوبەری ئاوی ئیدلب، جەمال دیبەن لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە ئەو وێستگەیە ئاوی بۆ زیاتر لە ٣٠٠ هەزار هاووڵاتی مەدەنی دابین کردووە و گوتیشی: "رووسیا یەکێک لە سەرچاوەکانی پێداویستییە سەرەتاییەکانی هاووڵاتییانی مەدەنی کردووەتە ئامانج و وای کردووە هاووڵاتییانی مەدەنی بێئاو بن".
- "جیهان تەماشای ئەوە دەکات کە رووسیا لە سووریا چی دەکات"
یەکێک لە هاووڵاتییانی شاری ئیدلب، ئیبراهیم زهڕ، باسی لەوە کرد کە پەلامارەکانی رووسیا بۆ سەر ژێرخانی ئیدلب زیادی کردووە و هێرش کردنە سەر وێستگەی دابەش کردنی ئاویشی بە پەلامارێکی ترسناک ناوبرد چونکە بەهۆیەوە ٣٠٠-٤٠٠ هەزار هاووڵاتی مەدەنی زەرەرمەند دەبن.
زهڕ گوتیشی: "لە رابردوودا رووسیا بۆردومانی هەڕەمەکی ئەنجامدەدا بەڵام لە ئێستادا بەشێوەیەکی سیستماتیکی ژێرخانی ئیدلب دەکات ئامانج. جیهان تەماشای ئەوە دەکات کە رووسیا چی لە سووریا دەکات".
هاوكات هاووڵاتییەکی دیکەی شارەکە، محەمەد خالید لە بارەی بۆردومانەکەوە رایگەیاند: "لە ئێستادا کە هەموو شتێک زۆر گران بووە، زۆر زەحمەتە هاووڵاتییان بتوانن ئاو بکڕن. کڕینی ئاو بارگرانی زیاتر بۆ هاووڵاتییان دروست دەکات".
- رەوشی ئیدلب
لە دانوستانەکانی ئاستانادا کە لە چوار و پێنجی ئایاری ٢٠١٧ بە بەشداری تورکیا، رووسیا و ئێران بەڕێوەچوو، بڕیاردرا چوار "ناوچەی کەمکردنەی گرژیی" دروست بکرێن لە ئیدلب و ژمارەیەک ناوچەی دەورووبەری پارێزگاکانی (لازقییە، حەمما و حەلەب)، لەگەڵ باکووری پارێزگای حومس، غوتەی رۆژھەڵات و ناوچەکانی باشووری سووریا (پارێزگاکانی دەرعا و قونێتره).
بەڵام رژێمی بەشار ئەسەد و تیرۆریستانی پشتیوانییکراو لەلایەن ئێران بە پشتیوانی ھێزی ئاسمانیی رووسیا لەو چوار ناوچەیە سیانیان کۆنترۆڵ کرد و روویان کردە ئیدلب، دواتر لە ١٧ی ئەیلوولی ٢٠١٨دا تورکیا و رووسیا بۆ بەھێزکردنی ئاگربەستی سووریا رێککەوتنی سۆچی-یان واژوو کرد.
رووسیا و ھێزەکانی رژێم لە ئایاری ٢٠١٩دا، بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی ناوچەکە ئۆپەراسیۆنیان دەستپێکرد و دەستیان گرت بەسەر ژمارەیەکی زۆر شوێنی نیشتەجێبوونی ناو ناوچەی کەمکردنەی گرژییەکانی ئیدلب.
دوایین جاریش تورکیا و رووسیا لە پێنجی ئاداری ٢٠١٩دا لە مۆسکۆ رێککەوتنێکی نوێیان واژوو کرد. ئاگربەستەکە کە لەلایەن ھێزەکانی ئەسەدەوە ناو بە ناو پێشێل دەکرێت، بەشێوەیەکی بەرچاو پارێزراوە.
لە ٢٠١٧-٢٠٢٠دا نزیکەی دوو ملیۆن ھاووڵاتی مەدەنی بەھۆی ھێرشەکانی رووسیا و رژێمی ئەسەدەوە ناچار بوون بەرەو ناوچەکانی نزیک سنووری تورکیا کۆچ بکەن.