Zana Natık Kerem
28 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2021
ھەولێر ــ AA
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن رایگەیاند کە بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی عێراق لە شەڕی دژبە تیرۆر.
ئیمانوێل ماکرۆن لە لە میانی لووتکەی بەغدا بۆ ھاریکاری و ھاوبەشی کە ئەمڕۆ شەممە لە بەغدا پایتەختی عێراق دەستی پێ کرد گوتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بۆ بەشداریکردن لە لووتکەکە و گوتی: "فەڕەنسا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی عێراق لە شەڕی دژبە تیرۆر".
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن ئاماژەی بەوەیشدا کە بەستنی لووتکەی بەغدا بۆ ھاریکاری و ھاوبەشی، بوونی ئیرادەیەک بەرەو داھاتوویەکی باشتر نیشان دەدات و گوتی: "بەستنی لووتکەکە، ئامانج لێی پاڵپشتیکردنە لە سەروەریی عێراق".
ئیمانوێل ماکرۆن گوتیشی: "ژێرخانی ئابووری، وزە و ئاو کە پێویستیان بە ھاوکاری داراییە فەڕەنسایە، ئامادەین بۆ ھاوکاریکردن لەم بارەیەوە و ئەوە دەبێتە ھۆی بناغەی ئابووری بەھێز و دەرفەتی کار".
لە لووتکەی بەغدا بۆ ھاریکاری و ھاوبەشی بەغدا، ھەریەکە لە سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن و سەرۆکوەزیرانی کوێت، سەباح خالید ئەحمەد سەباح، سەرکۆماری میسر،عەبدولفەتاح سیسی، میری قەتەر تەمیم بن حەمەد ئال سانی، شای ئوردن عەبدوڵڵای دووەم و جێنشینی دوبەی، محەمەد بن راشد ئال مەکتووم، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی، ئەحمەد ئەبو غێت و وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، ئێران و سعوودیە و نوێنەرانی یەکێتیی ئەورووپا، ئەمریکا، بەریتانیا بەشدارن.
لووتکەکە یەک رۆژ دەخایەنێت و تاوتوێ ھەموو ئەو دەرفەتانە دەکرێت کە کەشێکی ئارام بۆ دووبارە پەیوەندی ھەموو ئەو وڵاتانە دەرەخسێنێت کە ناکۆکیان ھەیە و ئەوەش بۆ خزمەتکردنی بە دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق.
بەرپرسانی عێراق بە بەردەوامی جەختیان لەوە کردووەتەوە کە نزیکی و دۆستایەتی وڵاتانی دراوسێی عێراق لەیەکتر کاریگەرییان لەسەر سەقامگیری وڵاتەکە ھەبووە و بە پێچەوانەشەوە ھۆشدارییان داوە لەوەی عێراق بکرێتە گۆڕەپانی یەکلاکەرەوەی کێشە و ململانێکانی نێوان وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوڕاست. بەو پێیە عێراق دەیەوێت رۆڵی نێوەندگیر لە نێوان ھەموو ئەو وڵاتانە ببینێت کە ناکۆکیان ھەیە و ھەوڵی نزیککردنەوەی روانگەکانیان بدات.