Mustafa Melih Ahıshalı
02 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 03 نیسان 2023
ئیستانبوڵ - AA
لە ئاکامی هێرشێکی ئیسرائیل بۆسەر ژمارەیەک بنکەی سەربازیی لە سووریا، دووی ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران کوژران.
ئاژانسی هەواڵیی فەرمی ئێران لە هەواڵێکدا راگەیەندراوی سوپای پاسدارانی سەبارەت بە هێرشەکەی ئیسرائیل کە رۆژی هەینی لە گوندەوارەکانی دیمەشق پایتەختی سووریا ئەنجامی دابوون، بڵاوکردەوە.
لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە ئاکامی هێرشەکەی ئیسرائیلدا، ئەندامی سوپای پاسداران، میلاد حەیدەری لە شوێنی رووداوەکە کوژراوە و میقداد مەهکانی کە بریندار بووە و نەتوانراوە رزگار بکرێت دواتر گیانی لەدەستداوە.
لە شاری دیمەشق و ناوچەکانی دەوروبەری، سوپای رژێم و میلیشیاکانی نزیک لە ئێران بەتایبەت حزبوڵڵای لوبنانی جێگیرکراون.
رژێمی ئەسەد رۆژی ٣١ی ئادار بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە هێزەکانی ئیسرائیل هێرشیان بۆسەر چەند پێگەیەکی رژێم لە دیمەشق ئەنجامداوە.
لە ساڵی ٢٠١١ەوە کە شەڕی ناوخۆی سووریا دەستی پێ کردووە تا ئێستا، ناوبەناو ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر میلیشیا ئێرانییەکان و خاڵە سەربازییەکانی رژێمی بەشار ئەسەد، لەناو خاکی سووریا.