Mehmet Tosun
14 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 14 تشرینی یەکەم 2020
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەربە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بڵاوکراوەتەوە، سەرکۆماری تورکیا لەمیانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، جەختی لەوەکردەوە کە تورکیا لایەنگری ئەوەیە پرسەکە (قەرەباخ) بە چارەسەرێکی ھەمیشەیی بگەیەنرێت.
لەمیانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ئەردۆغان-پوتیندا، پرسی ئازەربایجان-ئەرمینیا و دۆخی ھەریەک لە سووریا و لیبیا تاوتوێکران.
ئەردۆغان بە پوتین-ی راگەیاندووە، تورکیا چ لە رێگەی پێگەی خۆی لە گرووپی مینسک و چ لەرێگەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، لایەنگری ئەوەیە پرسی ئازەربایجان-ئەرمینیا بە چارەسەرێکی ھەمیشەیی بگەیەنرێت.