Berk Özkan
21 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 21 ئاب 2021
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ ئەنجامدا.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی لە فەرمانگەی پەیوەندییەکان سەربە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بڵاوکراوەتەوە، لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ئەردۆغان و مێرکڵ تاوتوێی پەیوەندی دووقۆڵی و پرسەکانی ناوچەیی بە تایبەتی پێشھاتەکانی ئەفغانستان و پرسی کۆچبەرانیان کرد.
ئەردۆغان ئەوەشی خستەڕوو کە لە نزیکەوە چاودێری پێشھاتەکانی ئەفغانستان دەکەن و لە ئەگەری ھاتنەدی مەرجی پێویست، دەتوانن لە داھاتووشدا درێژە بە ئەرکی پاراستن و بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەی کابوڵ بدەن.
ھەر لەمیانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند کە پێویستە حکوومەتی داھاتووی ئەفغانستان، گشتگر بێت و نوێنەرایەتی سەرجەم گەلی ئەفغانستان بکات.
ئەردۆغان باسی لە گرنگی دەستپێکردنی گفتوگۆی ئاشتی لە نێوان تاڵیبان و سەرکردەکانی کۆماری لە کابوڵ کرد.
سەرکۆماری تورکیا لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا، باسی لە پێویستی رێگریی لە تراژیدیای مرۆیی کۆچبەرانی ئەفغانستان کرد و ئاماژەی بە گرنگی دەستەبەرکردنی ھاوکاری بۆ کۆچبەران لە ئەفغانستان و وڵاتانی دراوسێ کرد.