Azad Mohammed Abdullah
14 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2017
هەولێر - AA
پارێزگارى پێشووی نەینەوا ئەسیل نوجێفى رایدەگەیەنێت "سوننە بە سێ لیست بەشدارى لە هەڵبژاردنى داهاتووى عێراق دەکات، ئەمجارە زۆرینەى خەڵکى سوننە بەشدار دەبن".
ئەسیل نوجێفى کە هاوکات یەکێک لە کەسایەتییە سیاسییەکانى نێو پێکهاتەى سوننى لە چاوپێکەوتنێکى تایبەتدا بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "سوننەکانى عێراق لە دۆخى خراپ و پڕ کێشەدان، سەرەڕاى هەموو گیرو گرفتەکان بە ئیرادەیەکى بەهێزەوە بۆ ئەوەى دەسەڵات بگرنەوە دەست سەرقاڵى ئەوەن خۆیان لەو دۆخە بهێننە دەرەوە و بگەڕێنەوە دۆخى جارانیان، لەبەر ئەوەى پێکهاتەى سوننى لە ئێستا وا هەست دەکات لە دەسەڵات و جومگەکانى دەسەڵات لە عێراق پەراوێز خراون. گەورەترین کێشەى پێکهاتەى سوننى کە لە تەواوى عێراق پێیەوە دەناڵێنێت، وێران بوونى شارەکانیان و ئاوارەبوونییانە بەهۆى شەڕى داعش و ئۆپەراسیۆنەکانى کۆنتڕۆڵکردنەوەى ناوچەکانیان لەژێر دەسەڵاتى داعش".
گوتیشى: "بە دڵنیاییەوە سوننە لەم جەنجاڵى و ئاڵۆزییانەى تێیکەوتوون دەردەچێت و بەسەر ئەو زێدەڕۆیی و قەیرانانە زاڵ دەبێت و دەگەڕێتەوە دۆخى جارانى، هیچ کەسێک ناتوانێت کار لەسەر کەمکردنەوەى قەبارە و پێگەى سوننى بکات لە عێراق، لەبەر ئەوەى سوننە لە عێراق بناغەى دەوڵەتى عێراقى داناوە ئەگەر سوننە نەبێت دەوڵەتى عێراقیش نابێت، پێکهاتەى سوننە دەتوانن بە ئەرێنى رۆڵی خۆیان ببینن بۆ بنیاتنانەوەى عێراق، بەڵام رۆڵى سوننەش دەگەڕێتەوە بۆ رۆڵى بەرامبەرەکانیان کە بریتین لە پێکهاتەى کورد و شیعە".
"سوننە بە سێ لیست لە هەڵبژاردنى داهاتوو بەشدارییان دەبێت"
لەبارەى هەڵبژاردنەکانی داهاتووى عێراقەوە، ئەسیل نوجێفى دەڵێت "لە هەڵبژاردنەکانى رابردوو کۆمەڵێک هۆکار هەبوون بۆ بەشدارى نەکردنى هاووڵاتییانى سوننە مەزهەب لە هەڵبژاردنەکان لەوانەش هەڕەشەى تیرۆر و مەترسى بەشداربوونیان لە هەڵبژاردن بەهۆى تیرۆرەوە، بۆ نموونە لە هەڵبژاردنەکانى ساڵى ٢٠١٣ و ٢٠١٤ بەهۆى ترس و هەڕەشەى تیرۆرەوە کەمتر لە سەدا ١٥ هاووڵاتییانى مووسڵ لە هەڵبژاردن بەشدار بوون، بەڵام ئێستا دۆخێکى ترە لە هەڵبژاردنى داهاتوو خەڵک زیاتر لە هەڵبژاردنەکان بەشدار دەبن".
دەشڵێت "ئەگەر سوننەکان پەندیان لە هەڵبژاردنەکانى پێشوو وەرگرتبێت و ئەگەر دەیانەوێت گۆڕانکارى بکەن، ئەوا دەبێت بەشدارى لە هەڵبژاردن بکەن و ئەگەر دەیانەوێت ئەو ئاوارانە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان خانووەکانیان دروست بکرێتەوە، پێویستە لە هەڵبژاردنى داهاتوو بەشدار بن، ئەمانە هۆکارن بۆ ئەوەى کاریگەرى ئەرێنى هەبێت زۆرینەى پێکهاتەى سوننى لە هەڵبژاردنى داهاتوو بەشدار بن".
نوجێفى ئاشکرای دەکات کە ئەو پاڵێوراوە نییە لە هەڵبژاردنى داهاتوودا، بەڵام وەک خۆى ئاماژەى پێدەدات لە هەڵبژاردن وەکو دەنگدەر و پاڵپشتیکارى كوتلهى ئيئتيلافى موتهحيدون رۆڵى دەبێت و ئاشکراشى دەکات کوتلەى ئیئتیلافى موتەحیدون پاڵێوراوى باش و بەتواناى هەیە بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو.
ئەسیل نوجێفى گوتیشی: "لیستەکان بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو زۆرن، لەوانە لیستى کورد و شیعە تەنانەت پێکهاتە بچووکەکانیش لیستیان هەیە، پێکهاتەى سوننى عێراقیش بە کۆى گشتى لە سێ لیست زیاتریان نابێت لە هەڵبژاردندا".
لەبارەى دروستکردنى هاوپەیمانی لە نێوان سوننە و کورد بۆ هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عێراق و رووبەڕوو بوونەوەى قەیرانەکان، نوجێفى گوتى: "لە راستیدا هاوپەیمانى لەگەڵ کورد پێویستی بە رۆڵى کورد هەیە، کورد تا ئێستا هاوڕا نەبوونە لەسەر پڕۆژەى دەوەڵەتى عێراق، کورد هەوڵى دروستکردنى دەوڵەتێکى کوردیدا، ئێمە پێشتریش رامانگەیاندووە کە ئێمە لایەنێک نین لە پرسى دروستکردنى دەوڵەتى کوردى و پێکهاتەى سوننە هیچ پەیوەندییەکى بەو دەوڵەتەوە نییە، پڕۆژەى دەوڵەتى کوردى لە خاڵێکى دیاریکراودا وەستا، ئێستا پڕۆژەیەکى نوێى عێراقیمان دەوێت. دەبێت سوننە و کورد پێکەوە کاربکەن بۆ ئەوەى کە چۆن دەوڵەتێکى عێراقى فیدراڵى بنیاتبنێنەوە کە تێیدا مافى کورد، سوننە و شیعە پارێزراو بێت. ئەم پرسە پێویستى بە دیالۆگ و گفتوگۆ هەیە و پێویستى بە رێککەوتنى نێوان لایەنە کوردییەکان و لایەنە سوننیەکان هەیە. تا ئێستا ئەم دیالۆگ و گفتوگۆیە نەهاتووەتە ئاراوە، بۆیە پێموایە کورد و سوننە بە لیستى جیا دەچنە هەڵبژاردنەوە، ئەگەر بە لیستى جیا بچینە هەڵبژاردنەوە دواى هەڵبژاردن سوننە و کورد پێویستى هاوکارى یەکتر و دروستکردنى هاوپەیمانى نێوان کورد و سوننە دەبێت".
پارێزگارى پێشووی نەینەوا ئەسیل نوجێفی دەڵێت "ئێمە پێویستیمان بە هاوپەیمانێتى و دیالۆگ لەگەڵ کورد هەیە، دیالۆگ لەسەر بنیاتنانەوەى دەوڵەتى عێراقی یەکگرتوو، بنیاتنانەوەى دەوڵەتى فیدراڵى راستەقینە، کێشەى ئێمە لە لیستى هاوبەش نییە بۆ هەڵبژاردنەکان، بەڵکو رێککەوتنە لەسەر پڕۆژەکان".