Hakan Çopur,Muhammet Ali Kemal
14 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2017
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی، سەبارەت بە گوتەکانی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی، جەنەراڵ هێربەرت رایمۆند ماکماستەر لەبارەی تورکیاوە، رایگەیاند: ''ئەمریکا لەپێناو دەستەبەرکردنی سەقامگیریی لە ناوچەکە و زاڵبوون بەسەر هەر جۆرە تیرۆرێکدا پابەندە بە ئامانجی ستراتیژیی هاوبەشی لەگەڵ تورکیادا''.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی وەڵامی پرسیارە نووسراوەکانی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی سەبارەت بە گوتەکانی دوێنێی جەنەراڵ هێربەرت ماکماستەر دایەوە.
گوتەبێژەکە لە وەڵامی پرسیارەکاندا رایگەیاند:
'''ئەمریکا لەپێناو دەستەبەرکردنی سەقامگیریی لە ناوچەکە و زاڵبوون بەسەر هەر جۆرە تیرۆرێکدا پابەندە بە ئامانجی ستراتیژیی هاوبەشی لەگەڵ تورکیادا. هەوڵەکانی تورکیا لە بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایشی سنوورەکانی تورکیا، راگرتنی تێپەڕینی جەنگاوەری بیانیی بە خاکەکەیدا و لەرێگەی جەنگ و لەرووی مەیدانییەوە ژمارەیەک ناوچەی گرنگی سووریای لە داعش پاککردووەتەوە، بەرز دەنرخێنین. هێشتا کاری زۆر ماوە لەپێناوی دانیشتوانی هەموو ناوچەکەدا بکرێت، بۆ ئەوەی سەرنج بخرێتە سەر ئەوانەی پشتیوانیی تیرۆر دەکەن و پاڵپشتیی ئەو ئایدۆلۆژیایانە دەکەن کە توندوتیژیی و توندئاژۆیی لێدەکەوێتەوە. لەو رووەوە ئەمریکا ئەو دەرفەتانەی لەگەڵ تورکیادا بەمەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی بۆی هەڵدەکەوێت، هەڵدەسەنگێنێت''.
دوێنی چوارشەممە لە میانی گوتارێکدا کە لە پانێڵێکدا پێشکەشیکرد، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کۆشكی سپی، جەنەراڵ هێربەرت رایمۆند ماکماستەر، بانگەشەی ئەوەیکرد ''تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی پشتیوانیی لە ئایدۆلۆژیاکانی ئیسلامی توندڕەو دەکات'' و لەبەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: ''بانگەشەکانی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی، ماکماستەر کە دوورن لە راستییەوە و ناوبراو لە پێگەیەکدایە پێویستە زۆر باش لە چۆنێتیی بەرەنگاریی وڵاتەکەمان لەبەرامبەر هەموو لایەنێکی تیرۆر و ئسووڵییەتدا شارەزا بێت، مایەی سەرسووڕمانە و بێ بنەمان و لە ئاستێکدان کە مایەی قبووڵکردن نیین''.