Kasım İleri,Rewa Mahmut Hasan
06 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 07 حوزەیران 2017
واشنتۆن - AA
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بەڕابەرایەتی ئەمریکا رایگەیاند کە هێزەکانی سووریای دیموکرات و هاوپەیمانی عەرەبیی سووری، ئۆپەراسیۆنی رەققەیان دەستپێکردووە.
ئۆپەراسیۆنی پێداگیری سرووشتی هێزی ئەرکی یەکگرتوو، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە هێزەکانی سووریای دیموکرات کە (یەپەگە پێشڕەویان دەکات) لە ٦ی حوزەیراندا دەستیان کردووە بە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی رەققە، لەکاتێکدا لە مانگی تشرینی دووەمەوە گەمارۆی شارەکەیان داوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەمریکا بۆ ئۆپەراسیۆنی تەبقە هەلیکۆپتەری ئاپاچی بەکارهێنابوو، بۆ گواستنەوەی ئەندامانی سوپای سووریای دیموکرات.
لەراگەیەندراوەکەدا هاتووە کە پێشتر منبج و تەبقە لە تیرۆریستانی داعش پاککراونەتەوە و بە کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەبقەش، داعش لە رەققە گەمارۆ دراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە گوتەی فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەعێراق و سوریا، جەنەڕاڵ ستیڤن تاونسێند دراوە کە رایگەیاندووە ئۆپەراسیۆنی رەققە سەخت و درێژ مەودا دەبێت، بەڵام گورزێکی گەورە لە هزری خەلافەتی داعش دەوەشێنێت.
تاونسێند دەڵێت: "دوای وەرگرتنەوەی جووتە پایتەختی داعش لە سووریا و عێراق، سەخت دەبێت بۆ رێکخراوەکە شەرکەری نوێی دەستبکەوێت.
لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە هاوپەیمانان لەرووی تاکتیکی و چەک و مەشق و هەواڵگری و پشتگیری لۆجیستیەوە، هاوکاری سوپای سووریا دیموکرات دەکات لە ئۆپەراسیۆنی رەققەدا.
هاوکات سوپای سووریای دیموکرات بانگەوازیان بۆ خەڵکی رەققە کردووە کە شارەکە جێبهێڵن.