Tuğçenur Akgün
09 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 10 مای,س 2023
نیویۆرک - AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن بڕیاری دا راگەیاندنی "دۆخی لەناکاوی نیشتمانیی" لەبارەی سووریاوە درێژ بکاتەوە کە تا ئێستا هەڕەشەکانی بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بەردەوامە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی کۆشکی سپی، بەهۆی بەردەوامبوونی هەڕەشەکانی دۆخی سووریا لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی، سیاسەتی دەرەوە و ئابووریی ئەمریکا، "راگەیاندنی دۆخی لەناکاوی نیشتمانیی" کە بۆ یەکەمجار لە ١١ی ئایاری ٢٠٠٤دا بەهۆی چالاکییەکانی رژێمی دیمەشقەوە راگەیەندرا، جارێکی درێژکراوەتەوە.
جۆ بایدن لە بڕیارنامەیەکدا کە پێشکەشی کۆنگرێسی کردووە نووسیویەتی: "بەهۆی پشتیوانیکردن لە تیرۆر، بەردەوامی داگیرکاری لوبنان، بەردەوامی پڕۆگرامەکانی مووشەک و چەکی کۆمەڵکوژ، دروستکردنی کوسپ لەبەردەم هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ سەقامگیریی و دووبارە بنیادنانەوەی عێراق، رژێمی سووریا 'هەڕەشەیەکی 'نائاساییە' بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی، سیاسەتی دەرەوە و ئابووریی ئەمریکا".
سەرۆکی ئەمریکا، نووسیویەتی: "دڕندایەتی و فشاری رژێمی سووریا بۆسەر ئازادی گەلەکەی خۆی، تەنها بە دروستکردنی مەترسی لەسە گەلی سووریا ناوەستێت بەڵکو ناسەقامگیریی لە ناوچەکەشدا دروست دەکات".
جۆ بایدن سەرکۆنەی ئەو پێشێلکارییانەشی کردووە کە رژێمی ئەسەد بە هاوکاری رووسیا و ئێران بەرامبەر بە گەلەکەی خۆی ئەنجامیان دەدات و نوویسیویەتی: "ئەمریکا داوا لە رژێمی بەشار ئەسەد و پشتیوانەکانی دەکات؛ جەنگ و توندوتیژی بوەستێنن و لە سەرتاسەری وڵاتدا ئاگربەست رابگەیەنن، هەروەها ئاسانکاری بکەن بۆ ئەوەی بەبێ ئاستەنگ هاوکاری مرۆیی بگاتە هەموو هاووڵاتییانی سووریا و بەگوێرەی بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان چارەسەرێکی سیاسیی بۆ پرسی سووریا بدۆزنەوە".
سەرۆکی ئەمریکا، ئەوەشی خستووەتەڕوو کە بەهۆی ئەم هۆکارانە، ماوەی راگەیاندنی "دۆخی لەناکاوی نیشتمانیی" کە لە ١١ی ئایاری ٢٠٢٣دا کۆتایی دێت، پێویستە دووبارە درێژ بکرێتەوە.