Tuğçenur Akgün
14 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 14 ئادار 2023
نیویۆرک - AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن و سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، ریشی سوناک بابەتەکانی ئابووریی و هاریکارییە بەرگرییەکان و پشتیوانی ئۆکراینا و دۆسیەی چینیان تاوتوێ کرد.
لە چوارچێوەی رێککەوتنی "AUKUS" کە بریتییە لە خاوەندارێتی ژێردەریایی ئەتۆمی ئوسترالیا و هاوبەشکردنی ئەو تەکنەلۆجیایەی لە ژێردەریایی ئەتۆمیدا بەکاردەهێنرێت، جۆ بایدن لە شاری سان دیێگۆ سەربە ویلایەتی کالیفۆرنیا کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، ریشی سوناک ئەنجام دا.
کۆشکی سپی لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە بایدن و سوناک جەختیان لەسەر بەڵێنەکان کردووەتەوە بۆ پێشخستنی ئاسایشی ناوچەکە، ئەویش لە رێگەی هاوبەشی "AUKUS" و هاریکاری نزیکی بەرگریی.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە سەرکردەکان بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کردووە سەبارەت بە زنجیرەیەک کێشەی جیهانی، لەوانەیش ئەو ئاستەنگانەی چین دروستیکردووە لەگەڵ ئاسایشی زەریای هیندی-زەریای هێمن، هەروەها گفتوگۆیان کردووە سەبارەت بەو هاوکاریانەی لە بواری ئەمنیی، ئابووریی و سەربازییدا پێشکەش بە ئۆکراینا دەکرێت لەگەڵ ئەو سزایانەی بەسەر مۆسکۆدا دەسەپێندرێت.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، باس لەوە کراوە کە سەرکردەکان خۆشحاڵی خۆیان نیشانداوە بە رێککەوتنی "چوارچێوەی ویندسۆر" تایبەت بە چارەسەرکردنی پرۆتۆکۆلی ئیرلەندای باکوور کە لەنێوان شانشینی یەکگرتوو و یەکێتیی ئەورووپادا واژووکراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئەمریکا و بەریتانیا کراوە و بایدن سوناکی بانگهێشتکردووە لە مانگی حوزەیراندا سەردانی واشنتۆن بکات.
هاوکات بایدن و سوناک باسیان لە هەوڵەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووریی و بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووە.