Hamdi Yıldız,Rahel Ali
14 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 15 ئادار 2023
تەل ئەبیب – AA
سەرۆکی ئیسرائیل، ئیسحاق ھێرزۆگ دوای پلانی حکوومەت بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی دەسەڵاتی دادوەریی هۆشداری دا لەوەی کە دۆخی وڵاتەکەی "زۆر مەترسیدارە و لەوانەیە ئاکامی سیاسیی، ئابووریی و ئەمنیی خراپی لێ بکەوێتەوە".
رۆژنامەی "Israel Today" کە بە زمانی عیبری دەردەچێت بڵاوی کردەوە کە ھێرزۆگ لە میانی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی پێدانی ناونیشانی "هاوشاریی فەخریی" لەلایەن شارەوانیی تەل ئەبیب-ەوە، گوتارێکی پێشکەش کردووە.
ناوبراو بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە ئێستا لە دۆخێکی جەمسەربەندی و ناکۆکیدان، گوتی: "لە دۆخێکی ئێجگار مەترسیدارداین، لەوانەیە ئاکامی سیاسیی، ئابووریی و ئەمنیی خراپی لێ بکەوێتەوە".
ئیسحاق ھێرزۆگ تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە ئاشکرایە بۆ دەرچوون لەو قەیرانە کۆمەڵایەتی و دەستوورییەی رووی تێ کردوون، هەوڵی زۆریان داوە و گوتی: "تەواوی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و حکوومەتی هاوپەیمانی بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە کۆبوونەوەتەوە، بەڵام ئەمە پێویستی بە هەوڵی زۆر زیاتر هەیە بۆ ئەوەی هاوسەنگی رابگیرێت".
پێشتریش سەرۆکی ئیسرائیل چەند جارێک رایگەیاندبوو کە ناکۆکییەکی قووڵ لەو وڵاتە هەیە و هەوڵ دەدات "کۆمەڵگا تووشی جەمسەربەندی زیاتر نەبێت و کێشەی دەستووریی روو نەدات".