هه‌ولێر - AA
- سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند "پڕۆژه یاسای بوودجه‌ی عێراق ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه و به‌و هه‌نگاوه به‌غدا پڕنسیپی شه‌راكه‌تی تێكدا"، نێچیرڤان بارزانی ره‌خنه‌ی توندیشی له به‌غدا گرت و گوتی: "پێویسته سه‌رۆك كۆمار له باره‌ی پرۆژە یاسای بوودجه‌وه هه‌ڵوێستی هه‌بێت"، نێچیرڤان بارزانی هەروەها ره‌خنه‌شی له ئه‌مریكا گرت و گوتی: "به‌غدا وه‌كو پڕنسیپ رازی بووه نه‌وتی كه‌ركووك له رێگه‌ی هه‌رێمه‌وه هه‌نارده بكات".سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند کە له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كان و فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان كۆده‌بنه‌وه و یه‌ك هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر به به‌غدا نیشان ده‌ده‌ن.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانیی هه‌فتانه‌ی خۆی له باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران گرێدا و تیشكی خسته سه‌ر چه‌ندین بابه‌ت و باس به‌تایبه‌ت په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق و حكوومه‌تی هه‌ردوولا به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی دوێنێ شه‌ممه، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پڕۆژه یاسای بوودجه‌ی ساڵی 2018یبه بێ ئاماده‌بوونی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان كه تێبینییان له‌سه‌ر هه‌بوو په‌سه‌ند كرد.
نێچیرڤان بارزانی له سه‌ره‌تای كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌یدا وه‌كو خۆی گوتی له به‌غداوه ده‌ستی پێكرد و رایگه‌یاند "وه‌كو ئاگادارن دوێنێ په‌رله‌مانی عێراق پرۆژه یاسای بوودجه‌ی به بێ به‌شداریی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان په‌سه‌ند كرد، لێره‌وه سوپاسی هه‌موو فراكسیۆنه كورستانییه‌كان بێ جیاوازی دەكه‌م كه زۆر هه‌وڵییان دا له‌و ماوه‌یه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی پشكی دادپه‌روه‌رانه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ناو بوودجه‌ی گشتی عێراقدا ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، به‌ڵام نه‌یانتوانی ئه‌و كاره به ئه‌نجام بگه‌یه‌نن، یه‌ك یه‌ك سوپاسییان ده‌كه‌م و ده‌ستخۆشییان لێ ده‌كه‌م بۆ ئه‌و هه‌وڵه‌یان، رێز و پێزانیینمان بۆ هه‌وڵه‌كانی ئه‌وان هه‌یه كه له‌و ماوه‌یه خه‌رجییان كردووه".
گوتیشی: "حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌جیددی زۆر نیگه‌رانه له‌وه‌ی به بێ كورد و به بێ ئه‌وه‌ی پشكی دادپه‌روه‌رانه‌ی هه‌رێمی كوردستان له یاسای بوودجه جێگیر بكرێت یاسای بوودجه په‌سه‌ند كرا، ئه‌وه جێی نیگه‌رانیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستانه به شێوه‌یه‌كی گشتی، ئه‌و پڕنسیپهی له عێراق په‌یڕه‌وده‌كرا كه پڕنسیپی شه‌راكه‌ت و ته‌وافوق و له‌یه‌كتێگه‌یشتن بوو به‌داخه‌وه كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی له مه‌سه‌له‌یه‌كی ئاوادا كار به زۆرینه و كه‌مینه بكرێت، نه‌وه‌ك ته‌نها ئه‌و بوودجه‌یه‌ی ئه‌وان په‌سه‌ندییان كردووه مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستانییان به هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌سته‌به‌ر نه‌كردووه، به‌ڵكو ناتوانێت ئه‌و مووچه‌یه‌ی ئێستا به پاشه‌كه‌وت هه‌یه مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان دابین بكات، ئه‌وه جێی نیگه‌رانیی ئێمه‌یه".
سه‌باره‌ت به پلانی دوای په‌سه‌ندكردنی بوودجه‌ی گشتی عێراق له په‌رله‌مانه‌وه كه رێژه‌ی 12,6ی بۆ هه‌رێمی كوردستان دیاریكردووه، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئێمه له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان، له‌گه‌ڵ هه‌موو فراكسیۆنه كوردستانییه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق كۆده‌بینه‌وه بۆ ده‌ربڕینی یه‌ك هه‌ڵوێستی هه‌موو لایه‌كمان، ئه‌و یه‌ك هه‌ڵوێستییه‌ی كه كورد له به‌غدا نواندی بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانی گه‌لی كورد جێی رێزه، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو كێشه سیاسییانه‌ی له‌ناوخۆ له هه‌رێمی كوردستان هه‌مانه جێی خۆشحاڵییه كه له به‌غدا هه‌موو لایه‌ك به كۆی ده‌نگ به بێ ئه‌وه‌ی بیر له به‌رژه‌وه‌ندیی حزبایه‌تی بكه‌ن به‌یه‌ك ده‌نگ له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان و هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵیاندا".
سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا له‌به‌رده‌م ده‌زگاكانی راگه‌یاندن كه ئاژانسی ئانادۆڵوش قسه‌كانی ده‌گواسته‌وه زیاتر گوتی: "هیوادارین و جه‌خت له‌وه ده‌كه‌ینه‌وه كه بتوانین كێشەکان له‌گه‌ڵ به‌غدا به پێی ده‌ستووری عێراق چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزینه‌وه".
دوای قسه‌كانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، رێگه به په‌یامنێران درا پرسیاره‌كانییان بكه‌ن و له وه‌ڵامی پرسیارێك له‌باره‌ی داوای حكوومه‌تی هه‌رێم له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌مریكا و وڵاتانی دونیا بۆ به‌ده‌نگه‌وه هاتن له‌و پرسه و هه‌روه‌ها داواكارییان له سه‌ركۆماری عێراق، فوئاد مه‌عسوم، نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاند "پڕنسیپهكه به نیسبه‌ت ئێمه ئه‌وه‌یه كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا به گفتوگۆ و له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا چاره‌سه‌ر بكرێت، هیچ له هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستان له‌مباره‌یه‌وه نه‌گۆڕاوه، هه‌ر لایه‌نێك بتوانێت له‌م چوارچێوه‌یه‌دا هه‌وڵ بدات له‌نێوانماندا خۆشحاڵ ده‌بین".
سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی سه‌ركۆماری عێراقیشه‌وه كه له پشكی پێكهاته‌ی كورده له به‌غدا، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئه‌و خۆی له‌م چه‌ند رۆژه‌ی رابردوو له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان دیدار و قسه‌ی هه‌بووه، به‌دڵنیاییه‌وه هه‌رێمی كوردستان و هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستانیش به‌گشتی چاوه‌ڕیی هه‌ڵوێستی لێ ده‌كه‌ن، نه‌وه‌ك هه‌ڵوێست بۆ هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵكو ئه‌و سه‌رۆک كۆماری عێراقه و به پێی ده‌ستوور ئه‌و ده‌بێت مافی هه‌موو عێراقییه‌كان بپارێزێت و گه‌لی كوردستانیش وه‌كو به‌شێك له عێراق پێویسته سه‌رۆک كۆمار هه‌ڵوێستی له‌سه‌ر هه‌بێت".
له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا و له وه‌ڵامی پرسیاری ئه‌وه‌ی كه هه‌ڵوێستی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان چی ده‌بێت له‌دوای تێپه‌ڕاندنی پڕۆژه یاسای بوودجە كه دوێنێ شه‌ممه له په‌رله‌مان په‌سه‌ندكرا، نیچیرڤان بارزانی گوتی: "بنچینه‌ی دامه‌زراندنی عێراق دوای ساڵی 2003 له‌سه‌ر بنچینه‌ی شه‌راكه‌ت دامه‌زراوه، به پێی ده‌ستووری عێراق پێویسته مافه‌كانی هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا گه‌ره‌نتی بكرێت، ده‌ستوور رێگه چاره‌ی بۆ ئه‌و مه‌سه‌لانه داناوه، ئێمه له كوردستاندا چه‌ند كورسیشمان هه‌یه ئه‌گه‌ر كار گه‌یشته سه‌ر زۆرینه و كه‌مینه و بڕیار به‌و شێوه‌یه ده‌ربچێت به دڵنیاییه‌وه هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان زه‌ره‌ره‌مه‌ندی یه‌كه‌م ده‌بن، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌و عێراقه نه‌بوو كه هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان و هه‌موو عێراقییه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌ده‌خواست، ئێمه دوای ساڵی 2003 عێراقێكمان ده‌بینی كه هه‌موو پێكه‌وه به شه‌راكه‌ت و له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا مامه‌ڵه بكه‌ین، ئه‌و كێشانه‌ی عێراق ئه‌مڕۆ تووشی بوو به هۆی ئه‌نجامی ئه‌و جۆره له بیركردنه‌وه‌یه‌یه كه بیركردنه‌وه گه‌یشته سه‌ر ئه‌وه‌ی پێكهاته‌یه‌كی وا گه‌وره له عێراقدا په‌راوێز بخه‌یت و مافه‌كانی نه‌ده‌یت، به‌دڵنیاییه‌وه عێراق به‌رقه‌رار نابێت، ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێت به‌كرده‌یی سه‌قامگیری و ئارامی له وڵات هه‌بێت ئه‌وا مه‌رجی یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه ده‌بێت به پێی ده‌ستوور مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كان بكرێت".
سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراقیشه‌وه نێچیرڤان بارزانی گوتی: "مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌بێت دیراسه و به‌جیددی كاری له‌سه‌ر بكه‌ین، پڕۆسه‌ی سیاسی له عێراق هی یه‌ك لایه‌نی مه‌زهه‌بی یان یه‌ك لایه‌نی سیاسی نییه، هی هه‌موو گه‌لی عێراقه، بۆیه به دڵنیاییه‌وه هه‌رێمی كوردستان له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بڕیار ده‌دات پاش قسه‌كردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ئێمه له گفتوگۆ و له قسهكردنداین، به‌ڵام با به‌رواردێك بكه‌ین هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان یه‌كجار بڕوا و متمانه‌ی زۆریان به به‌ڵێنه‌كانی به‌غدا هه‌بوو پێشی دوو مانگ، هه‌رێمی كوردستانیش بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان و بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و ده‌ستووره‌ی هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراقیش قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن هه‌موو كارێكی كرد، هه‌رچی پێمان كرا كردمان، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌ر پرسیار بكه‌ین كه ئه‌مڕۆ له هه‌رێمی كوردستان گله‌یی له جه‌نابی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ناكرێت بڵێن تۆ ئه‌و هه‌موو قسه و به‌ڵێنانه‌ت دا چیت جێبه‌جێ كرد؟، گفتوگۆ و قسه‌مان هه‌یه و چه‌ندین جار له‌گه‌ڵ جه‌نابی دانیشتووین و قسه‌مانكردووه، هه‌مووشی به‌و هیوایه‌ین كه چاره‌سه‌ر بدۆزینه‌وه، من بێ هیوا نه‌بووم بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و پێموایه رێگه هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكه‌ین، ئه‌گه‌ر بێ ئومێدیش بووم ئه‌و كات راشكاوانه و به راستگۆیی له‌گه‌ڵ هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان قسه ده‌كه‌م".
له وه‌ڵامی پرسیارێكدا له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی ئێستا كورد وه‌كو كه‌مینه مامه‌ڵه‌ی لەگەڵ ده‌كرێت و په‌راوێزده‌خرێت و ئایا كورد شایانی ئه‌وه‌یه به هۆی ریفراندۆمه‌وه ئاوا سزا بدرێت، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ساڵی 2003 ئه‌وكات عێراقی نوێمان له‌سه‌ر بنچینه له‌سه‌ر هه‌موو پێكهاته‌كان كورد، شیعه، سوننه، مه‌سیحی و توركمان دامه‌زراند و به هیواوه گه‌ڕاینه‌وه بۆ عێراق و له پێناو یه‌كێتی عێراق و له پێناو ئه‌وه‌ی عێراق به یه‌كگرتوویی بمێنێته‌وه ئه‌وه‌ی له ده‌ستمان هات كردمان، چونكه هیوامان به‌وه هه‌بوو ئاینده‌یه‌كی باش بۆ گه‌لی كوردستان له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراق ده‌سته‌به‌رده‌بێت، ئه‌گه‌ر نا ئێمه ئه‌و پاره‌یه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش بۆیان خه‌رج ده‌كردین له پێش 2003 جیاوازیی هه‌بوو له‌گه‌ڵ به‌غدا، ئاسایشی خۆمان و حكوومه‌تی خۆمان هه‌بوو، به‌ڵام به‌و هیوایه چووینه‌وه به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی ئاینده‌یه‌كی رۆشنتر له‌گه‌ڵ به‌غدا چاوه‌ڕوانی گه‌لی كوردستان ده‌كات، به‌ڵام پابه‌ند نه‌بوونی به ده‌ستوور كێشه‌ی دروستكرد، من ناڵیم هه‌موو كێشه‌كان خه‌تای به‌غدایه، به‌ڵام به‌رپرسیارییەتی گه‌وره له‌سه‌ر به‌غدایه، چونكه به‌غدا پایته‌ختی عێراقه و هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستانیش به‌شێكن له‌و عێراقه، ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێت عێراقێكی خۆشگوزه‌ران و عێراقێك كه له‌گه‌ڵ هاووڵاتییانی خۆی به‌خۆشی بژی و له‌گه‌ڵ دراوسێیەكانی و له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌ندامێكی كارا بێت كێشه‌كان قه‌د به‌وه چاره‌سه‌ر ناكرێت كێ له عێراق به‌هێزه و كێ لاوازه، كێشه له عێراق له‌سه‌ر بنچینه‌ی گفتوگۆ و له‌سه‌ر مێزی دیالۆگ چاره‌سه‌ر ده‌بێت، ده‌بێت تێڕوانینی ئایندهییمان بۆ عێراق هه‌بێت ئه‌ویش به‌وه‌ی هه‌موو پێكهاته‌كان له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستوور مافی پێكهاته‌كان گه‌ره‌نتییان هه‌بێت".
سه‌باره‌ت به كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، حه‌یده‌ر عه‌بادی له شاری میونخی ئه‌ڵمانیا و ئه‌نجامه‌كانی، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "كۆبوونه‌وه‌كانی ئێمه له‌گه‌ڵ جه‌نابی سه‌رۆكوه‌زیران له میونخ و پێشتر له داڤۆس كۆبوونه‌وه‌ی باش بوون و گفتوگۆی جیددیمان له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان كرد، بۆچوونی ئێمه ئه‌وه‌یه نا‌توانیین ئێستا تا هه‌ڵبژاردن هه‌موو كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ببن، ئێمه پێشنیازمان بۆ كرد كه له ئێستادا یه‌ك دوو كێشه چاره‌سه‌ر بكه‌ین، یه‌كه‌میان مه‌سه‌له‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان و كردنهوهیانه، دووه‌میان مه‌سه‌له‌ی مووچه، ئه‌گه‌ر ئێمه بتوانین ئه‌و دوو كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكه‌ین ئه‌وانی تر ده‌كرێت پاش هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق چاره‌سه‌ر بكرێت، من به‌رده‌وام له‌سه‌ر هێڵم له‌گه‌ڵ جه‌نابی سه‌رۆكوه‌زیران بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دوو كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكه‌ین، ئێمه به ته‌له‌فۆن و دیدار و شتی دیكه به‌رده‌وامین له گفتوگۆ".
له‌باره‌ی دیاریكردنی رۆژێك بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان له هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئێمه له‌گه‌ڵ په‌رله‌مان دانیشتین و به درێژی و به وردی باسی ئه‌و بابه‌ته‌مان كرد، ئه‌گه‌ر ئێمه بمانه‌وێت ئێستا و زووتر هه‌ڵبژاردن بكه‌ین پێویسته یاسا بگۆڕین و بۆ گۆڕینی ئه‌و یاساش بڕواناكه‌م پاڵپشتیی هه‌موو فراكسیۆنه‌كان بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه هه‌بێت. له ماوه‌یه‌كی زۆر نزیكدا پاش راوێژ له‌گه‌ڵ هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان ئێمه رۆژی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان له هه‌رێم دیاری ده‌كه‌ین".
سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی له وه‌ڵامی پرسیارێك له‌باره‌ی هه‌ڵوێسته‌كانی ئه‌مریكا گوتی: "ئه‌گه‌ر ئه‌مریكییه‌كان ببینم پێیان ده‌ڵێم ئێوه ده‌ڵێن ده‌تانه‌وێت حكوومه‌تێكی هه‌رێمی به‌هێز هه‌بێت، به‌س وه‌رن ئه‌و پێناسه‌یه‌م بۆ بكه‌ن كه حكوومه‌تێكی هه‌رێمی به‌هێز ئه‌مه مانای چییه؟، ئایا ئه‌وه راسته له‌گه‌ڵ ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ئێوه ده‌یكه‌ن؟، فعله‌ن حكوومه‌تێكی هه‌رێمی به‌هێز هه‌یه یان نییه؟".
نێچیرڤان بارزانی له به‌رده‌وامیی وه‌ڵامی پرسیاری رۆژنامه‌نووساندا له‌باره‌ی كشانه‌وه‌ی كورد له پڕۆسه‌ی سیاسی له عێراق گوتی: "ئێمه له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه به‌رده‌وام ده‌بین بۆ ئه‌وه‌ی بتوانیین به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێم و هاووڵاتییانی هه‌رێم ده‌سته‌به‌ربكه‌ین، ئێمه به پێی داهاته‌كانی خۆمان مووچه‌ی خۆمان دابه‌ش ده‌كه‌ین و به‌رده‌وام ده‌بین له‌سه‌ری، ده‌زانن دوای مه‌سه‌له‌ی كه‌ركووك داهاته‌كه‌مان بووه‌ته نیوه، ئێمه به‌هیوای ئه‌وه‌ین بگه‌ینه رێككه‌وتن بۆ ئه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانیش بكرێنه‌وه".
نێچیرڤان بارزانی هه‌روه‌ها گوتیشی: "ئێمه تا ئێستاش بێ هیوانین له‌وه‌ی ده‌مانه‌وێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بێت، به‌غدا هی ئه‌و خه‌ڵكه نییه كه له‌وێیه، به‌غدا هی ئێمه‌شه، به‌غدا هی لایه‌نێكی سیاسی یان پێكهاته‌یه‌ك نییه، به‌غدا هی ئێمه‌یه و ده‌بێت رۆڵیشمان هه‌بێت له‌وێ، مه‌سه‌له‌ی بوودجه ته‌نها ئه‌وه نییه پاره‌یه، به‌ڵكو پڕنسیپی شهراكهتییان تێكدا كه عێراقی له‌سه‌ر بونیادنراوه له‌دوای ساڵی 2003، زه‌حمه‌ته جارێكی تر ئه‌مه دروست بكرێته‌وه، به‌داخه‌وه ئه‌م هه‌نگاوه هه‌نگاوێكه به‌ره‌و تێكدانی شه‌راكه‌ت له نێوان پێكهاته‌كانی عێراق".
له وه‌ڵامی پرسیارێكی په‌یامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه پابه‌ند ده‌بن به پڕۆژه یاسای بوودجه‌ی عێراق یان ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه و به داهاتی ناوخۆیی به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ر پێدانی مووچه به مووچه‌خۆرانی هه‌رێم، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "راشكاوانهتره له هه‌ڵوێستی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان كه گوزارشته له بیروبۆچوونی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ی كه ره‌تییان كرده‌وه ئه‌وا هه‌ڵوێستی ئێمه‌یه و پاڵپشتیی لێ ده‌كه‌ین".
سه‌باره‌ت به بڕه پاره‌یەی پترۆ دۆلاری کە هی پارێزگای كه‌ركووكه و له بانكه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه كه به‌غدا داوای ده‌كاته‌وه به پێی یاسای بوودجه‌ی گشتی عێراق داوای ده‌كاته‌وه له هه‌رێمی كوردستان بارزانی گوتی: "ئێمه له ساڵانی رابردوو پاره‌یه‌كمان وه‌كو پترۆ دۆلار بۆ كه‌ركووك خه‌رج ده‌كرد، هه‌ندێك له‌و پاره‌یه‌یه له بانكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ماونه‌ته‌وه، بڕه‌كه به‌وردی نازانم چه‌نده، ئه‌و پاره‌یه هی پرۆژه‌كانی كه‌ركووك و خه‌ڵكی كه‌ركووكه، ئێمه نامانه‌وێت ئه‌و پاره‌یه ده‌ستكاری بكه‌ین یان بیبه‌ین، ئه‌وه رێككاری یاسایی خۆی هه‌یه ده‌بێت بیگرنه به‌ر، به‌ڵام وه‌كو پرنسیپ ئێمه پترۆدۆلارمان ده‌دایه كه‌ركووك وه‌كو خۆی ماوه و ئه‌و پاره‌یه‌ی ماوه هی خه‌ڵكی كه‌ركووكه".
له‌باره‌ی نه‌وتی كه‌ركووك و گواستنه‌وه‌ی بۆ ئێران سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاند کە نه‌وتی كه‌ركووك كه له گێڵگه‌كانی بای حه‌سه‌ن و هاڤانا ده‌هات ئیدی عێراق دواتر ئه‌و ناوچه‌یه‌ی كۆنتڕۆڵ كردووه، گوتیشی: "ئێمه پێشنیازمان بۆ حكوومه‌تی عێراق كردووه كه ئه‌و نه‌وته له رێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان بچێته ده‌ره‌وه و ئێستاش ده‌ڵێین دیسان ئاماده‌ین بۆ ئه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ببێته داهات بۆ عێراق و بتوانێت له‌و به‌شه بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش دابین بكات".
گوتیشی: "به پێی زانیاریی ئێمه هێشتا ئه‌وه نه‌كه‌وتووه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه كه نه‌وتی كه‌ركووك ببرێت بۆ ئێران".
سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا گوتی: "یاسای بوودجه‌ی عێراق ده‌ریده‌خات به‌غدا پابه‌ند نییه به شه‌راكه‌ت و دیاره پێی گرنگ نییه، پیشانیشان دا كه به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستانیشیان پێ گرنگ نییه".
له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری رێككه‌وتن له‌سه‌ر ناردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیران، حه‌یده‌ر عه‌بادی گوتی: "پێشنیازم بۆ سه‌رۆكوه‌زیران عه‌بادی كردووه كه سولفه‌یه‌ك بنێرن و به پێی سولفه‌كه مووچه بدرێت و له پاڵ ئه‌وه‌شدا وردبینی بكرێت، ئه‌مه‌ی وه‌كو پڕنسیپ قبوڵ كردووه، به‌ڵام له واقیعدا هیچ نه‌كراوه".
سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه كه وه‌كو پڕنسیپ عێراق به‌وه‌ش رازی بووه نه‌وتی كه‌ركووك له رێگه‌ی بۆڕییه‌كانی هه‌رێمه‌وه هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه بكرێت، به‌ڵام هیچ هه‌نگاوێكی كرده‌یی نییه.
news_share_descriptionsubscription_contact

