Zana Natık Kerem
11 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 12 کانوونی یەکەم 2017
قودس ــ AA
سەرۆكی دەستەی باڵای ئیسلامی و گوتاربێژی مزگەوتی ئەقسا، عیكرمە سەبری رایگەیاند كە بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ بە ناساندنی قودس وەك پایتەختی ئیسرائیل و گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا بۆ قودس، راگەیاندنی جەنگە.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، عیكرمە سەبری گوتی: "ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزاییانەی كە هەموو جیهانی گرتووەتەوە، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە قودس تەنها هی فەڵەستینییەكان نییە، بەڵكو هی سەرجەم موسڵمانە، هەروەها ترەمپ هەڵەیەكی گەورەی كردووە كاتێك قودسی وەك پایتەختی ئیسرائیل ناساند".
گوتاربێژی مزگەوتی ئەقسا داوای لە فەڵەستینییەكان و دانیشتوانی قودس كرد كە باجەكەی هەرچییەك بێت، بەرگری لە شاری قودس بكەن.
عیكرمە سەبری گوتیشی: "سیاسەتە چەوتەكانی ئەمریكا هیچ لە راستی و هەڵوێست و باوەڕی ئێمە ناگۆڕێت، چونكە خوای گەورە قودسی بە ئاسمان و شاری مەككەوە بەستووەتەوە و بە هیچ شێوەیەك سازش لەسەری ناكەین".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا كە هیچ دەرفەتێك بۆ دانوستانەكان و پڕۆسەی ئاشتی نەماوە، چونكە ئەمریكا هەڵوێستی خۆی لە بارەی پرسی قودس نیشان دا و بڕیاری جەنگی دا".
- نیو سەدەیە قودس لە ژێر داگیرکارییدایە.
چەند رۆژێک لەمەوبەر، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بڕیاری ژمارەی ٤٧٨ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ساڵی ١٩٨٠ کە دانی بە راگەیاندنی قودسی رۆژهەڵات وەک پایتەختی ئیسرائیل دا نەنا، پێشێل کرد و قودسی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند و گوتی: "کاتی ئەوە هاتووە بە فەرمی دان بە قودس دابنێین وەک پایتەختی ئیسرائیل".
هەروەها ترەمپ راگەیاند کە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی راسپاردووە بۆ دەستکردن بە ئامادەکارییەکانی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە شاری تەلئەبیبەوە بۆ قودس.
ئیسرائیل لە پێنجی حوزەیرانی ١٩٦٧ەوە قودسی رۆژهەڵاتی داگیرکردووە. لە ساڵی ١٩٨٠وە تاکلایەنە بەشی رۆژهەڵات و رۆژئاوای شارەکەی وەک "پایتەختی یەکگرتوو" راگەیاندبوو.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە پەسەندکردنی بڕیاری ژمارە ٤٧٨ لە ساڵی ١٩٨٠ راگەیاندنی قودسی بە پایتەختی ئسرائیل، رەتکردەوە.
بە پێی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە ئەمریکاشەوە دان بەوە دادەنێن کە قودسی رۆژهەڵات لە ژێر داگیرکاریدایە.
سەرجەم ئەو وڵاتانەی دان بە ئیدارەی ئیسرائیل دادەنێن باڵیۆزخانەکانیان لە تەلئەبیبە و، هیچ وڵاتێک دان بەوە دانانێت کە قودس یان بەشی رۆژهەڵات یان رۆژئاوای شارەکە پایتەختی ئیسرائیلە.