Şerife Çetin,Rewa Mahmut Hasan,Ramal Abdullah Mahmood
11 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 11 کانوونی یەکەم 2017
بڕۆکسل - AA
نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، فێدێریکا مۆگێرینی سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی فەڵەستین - ئیسرائیل رایگەیاند "تاکە چارەسەری راستەقینە، چارەسەریی دوو دەوڵەتییە لەچوارچێوەی سنوورەکانی ١٩٦٧ کە بە جۆرێک بێت قودس ببێتە پایتەختی هەردوو دەوڵەتەکە".
نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، فێدێریکا مۆگێرینی و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهو کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان لە بڕۆکسل ساز کرد.
نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، فێدێریکا مۆگێرینی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهوی بە هەلێکی مێژوویی وەسف کرد و رایگەیاند "٢٢ ساڵە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەردانی دەزگاکانی یەکێتیی ئەورووپا ناکات، ئەوماوەیەش بۆ دۆستەکان و هاوبەشەکان ماوەیەکی دوورودرێژە".
فێدێریکا مۆگێرینی ئاماژەی بەوەدا کە بنیامین ناتانیاهو لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا کۆدەبێتەوە و پرسی سەرەکیش پرۆسەی ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، هاوکات پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی ئیسرائیل و یەکێتیی ئەورووپا و پرسەکانی ناوچەکە تەوەری کۆبوونەوەکەیان دەبێت.
نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، فێدێریکا مۆگێرینی ئاماژەی بەوەدا کە سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهو لە کاتێکی گرنگدا ئەنجام دراوە و گوتی: "گرنگە بۆ دۆزینەوەی چارەسەریی بەردەوامی کێشەی ئیسرائیل-فەڵەستین، بۆ بەرژەوەندیەکانی ئیسرائیل، بەتایبەت بۆ بەرژەوەندی ئەمنی. هەربۆیە یەکێتیی ئەورووپا، لەو بارەیەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانانی ناوچەکە، هەوڵەکانی خۆی زیاد دەکات لە پێناو ئاشتیدا".
فێدێریکا مۆگێرینی ئاماژەی بەوەدا کە هەڵوێستی یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی چارەسەریەوە زۆر روونە و گوتی: "تاکە چارەسەری راستەقینە، چارەسەریی دوو دەوڵەتییە لەچوارچێوەی سنوورەکانی ١٩٦٧ کە بە جۆرێک بێت قودس ببێتە پایتەختی هەردوو دەوڵەتەکە".
نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، فێدێریکا مۆگێرینی دووپاتی کردەوە کە دەبێت رێگری بکرێت لە پەرەسەندی گرژییەکانی ناوچەکە و ئیدانەی هێرشی سەر جوولەکانی کرد لە ئیسرائیل و ئەورووپادا.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهو ئاماژەی بەوە دا کە لەسەر بانگهێشتنامەی یەکێتیی ئەورووپا هاتووەتە بڕۆکسل و راشیگەیاند کە ئەورووپا و ئیسرائیل "هاوپەیمانی گرنگن" و لە بوارەکانی ئاسایش، خۆشگوزەرانی و بەدیهێنانی ئاشتیدا بەیەکەوە کار دەکەن.
بنیامین ناتانیاهو باسی لەوە کرد کە هەواڵگری وڵاتەکەی رێگەی لە ژمارەیەک هێرشی تیرۆریستی گرتووە کە لە ئەورووپا ئەنجام بدرێت و بەردەوامیش دەبن لە کارکردن لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا و گوتیشی: "هاوبەشی نێوان ئیسرائیل و ئەورووپا ئێجگار گرنگە، ئەم هاوبەشییە گرنگی بۆ ئیسرائیل و ئەورووپاش لە خۆ دەگرێت".
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهو بانگەشەی ئەوەی کرد کە "١٠٠ ساڵە دەستی ئاشتی (بۆ فەڵەستین) درێژ دەکەن"، بەڵام ئەوان لەبەرامبەر ئەمەدا بەردەوام هێرشیان دەکرێتە سەر و گوتی: "گەلی فەڵەستین نکۆڵی لە مێژوو و بوونی ئیسرائیل دەکات. سێ هەزار ساڵە قودس بۆتە پایتەختی گەلی ئیسرائیل. هیچ کاتێک جوولەکەکان پەیوەندییان لەگەڵ قودس نەپچڕاوە. بەڵام پلاتفۆرمی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بڕیاری گاڵتەجاڕی و لە یونیسکۆ هەوڵ دەدات نکۆڵی لەو پەیوەندی مێژوویی و راستیە مێژوویانە بکەن".
بنیامین ناتانیاهو پێداگری لەوە کرد کە ئاشتی تەنها بە قبووڵکردنی راستییەکان وەدی دێت و گوتی: "سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ تەنها راستییەکانی بەڕاشکاوی دەربڕیووە".
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهو تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئیدارەی ئەمریکا پێشنیازی دەستپێشخەرییەکی نوێی ئاشتی دەکات بۆ کێشەی ئیسرائیل-فەڵەستین، بانگەشەی ئەوەیشی کرد کە پێویستە فەڵەستینییەکان دان بە راستی بوونی دەوڵەتی جوولەکە و دان بە راستی قودس وەک پایتەختی ئەو دەوڵەتە دابنێن.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهو گوتی: "هەرچەندە تاکو ئێستا نەگەیشتووینەتە رێککەوتنێک، بەڵام لەو باوەڕە دام هەموو وڵاتانی ئەورووپا باڵیۆزخانەکانیان دەگوازنەوە قودس و قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل دەناسن".