Sangar Hamad Azeez
24 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 25 تشرینی یەکەم 2018
نیویۆرک - AA
بەرپرسانی باڵای نیویۆرک رادەگەیەنن کە ناردنی پاکەتێک تەقینەوە بۆ ماڵی هەریەک لە سەرۆکانی پێشووی ئەمریکا باراک ئۆباما و بیل کلینتۆن و بینای سی ئێن ئێن لە نیویۆرک "کردەیەکی تیرۆریستییە".
پارێزگاری نیویۆرک ئاندرێو کومۆ، سەرۆکی شارەوانی نیویۆرک بیل دی بلاسیۆ و بەرپرسی پۆلیسی نیویۆرک جەیمس پی ئۆنیل سەبارەت بە دانانی پاکێتیك تەقینەوە لە ماڵی سەرۆکانی پێشوو، بینای سی ئێن ئێن و ژمارەیەک کەسایەتی دیموکرات لە نیویۆرک کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان سازکرد.
بەرپرسی پۆلیسی نیویۆرک ئۆنیل رایگەیاند کە ئەو پاکەتەی بۆ بینای سی ئێن ئێن لە ناوەندی "Time Warner Center" دانرابوو، بریتیبوو لە زەرفێک کە تۆزی سپی تێدابوو و چالاک کرابوو بۆ تەقینەوە، "ئەوە چالاکییەکی تیرۆریستییە".
ئۆنیل گوتیشی: "ئێمە پێشووتر بابەتی لەو شێوەیەمان بینیوە، خراپتر لەمەشمان بینیوە. ئەو شتانە نامانترسێنن. تاوانباران دەبەینە بەردەم دادگا".
بە هەمان شێوەی سەرۆکی شارەوانی نیویۆرک بلاسیۆ سەبارەت بە بابەتەکە گوتی: "ناردنی پاکەتێک تەقینەوە بۆ بینای ناوەندی راگەیاندن زیان گەیاندنە بە ئازادی راگەیاندن و ترساندنی هاووڵاتیانە".
لای خۆیەوە پارێزگاری نیویۆرک، کومۆ تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئەمڕۆ تیرۆر بووەتە راستییەکی حاشاهەڵنەگر لە جیهان و گوتیشی: "نە ئەمڕۆ و نە سبەینێش رێگە بە تیرۆر نادەین".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ به كاتی ناوخۆیی ئهمریكا، پاکەتێک ماددەی تەقینەوە کە چالاک کرابوو بۆ ماڵی هەریەک لە سەرۆکانی پێشووی ئەمریکا باراک ئۆباما و بیل کلینتۆن و هاوکات ژمارەیەک بەرپرسی دیموکراتەکان ناردرا، بەڵام بەر لەوەی هیچ یەک لەو پاکەتە تەقینەوانە بگەنە شوێنی مەبەست، لەلایەن هەواڵگری نهێنی و ئێف بی ئایەوە دەستیان بەسەردا گیرا.