Dildar Baykan
06 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 06 تشرینی دووەم 2020
واشنتۆن- AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رێکخست و باسی لە هەڵبژاردنەکانی سێی تشرینی دووەم کرد.
ترەمپ، ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە هەوڵی زۆریان داوە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی هەڵبژاردنەکان و رایگەیاند: "ئەگەر دەنگە یاساییەکان هەژمار بکرێن من بە ئاسانی دەیبەمەوە! بەڵام ئەگەر دەنگە نایاساییەکان و ئەو دەنگانەی درەنگ گەیشتونەتە بنکەکان، هەژمار بکرێن، پارتی دیموکرات ئەم هەڵبژاردنە لە ئێمە دەدزێت، هەر بۆیە بایەخ بەم بابەتە دەدەین".
سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە لە ئێستادا لە ویلایەتە گرنگەکانی وەک فلۆریدا، یۆوا، ئیندیانا و ئۆهیۆ سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و گوتی: "ئێمە وێڕای دەستوەردانی کەناڵەکانی راگەیاندن و کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکان، ئەم سەرکەوتنانەمان بەدەستهێنا".
ترەمپ ئاماژەی بەوەدا کە راپرسییەکانی پێش هەڵبژاردن بەهەڵەداچوون و رایگەیاند: "کۆمپانیاکانی راپرسی بەشێوەی خۆویستانە لە بارەی ئەم هەڵبژاردنەوە زانیاری ناڕاستییان بڵاوکردەوە. ئەمە زۆر کارێکی بێمانایە. وەک چاوەڕێیان دەکرد شەپۆلی شین دروست نەبوو و لەبری ئەوە شەپۆلێکی گەورەی سوور دروست بوو. راپرسییەکان ویستیان دەستوەربدەنە هەڵبژاردنەکانەوە".