Mustafa Deveci
09 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 10 کانوونی دووەم 2023
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، توندوتیژییەکانی سەر حکوومەتەکەی سەرۆکی بەڕازیل، لویز ئینانسیۆ لولا دا سیلڤا و کۆنگرێس و دادگای دەستووریی وڵاتەکەی، سەرکۆنە کرد.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بڵاوکراوەتەوە، جەخت لەسەر گرنگیی رێزگرتن لە پرۆسەکانی دیموکراسیی و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن کراوەتەوە کە رەنگدانەوەی ئیرادەی گەلی بەڕازیلە.
لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە تورکیا هاوسۆزە لەگەڵ حکوومەتەکەی سەرۆکی بەڕازیل، لولا دا سیلڤا و گەلی بەڕازیل بەرامبەر توندوتیژییەکان و هاتووە؛ ''توندوتیژییەکانی سەر حکوومەتەکەی سەرۆکی بەڕازیل، لویز ئینانسیۆ لولا دا سیلڤا و کۆنگرێس و دادگای دەستووریی وڵاتەکە، سەرکۆنە دەکەین''.
دوێنێ لە شاری بەڕازیلیا لایەنگرانی سەرۆکی پێشووی بەڕازیل، جاییر بۆلسۆنارۆ رێپێوانیان سازکرد و داوای دەستوەردانی سوپایان کرد و بەربەستەکانی پۆلیسیان بەزاند و چوونە ناو بینای کۆنگرێس.
بەمەبەستی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران، پۆلیس غازی فرمێسکڕێژی بەکارهێنا، بەڵام نەیتوانی رێگریان لێبکات و خۆپیشاندەران هەڵیانکوتایە سەر کۆشکی سەرۆکایەتی و بینای دادگای باڵا.
دواتر هێزە ئەمنییەکان خۆپیشاندەران و لایەنگرانی جاییر بۆلسۆنارۆیان لە کۆنگرێس و کۆشکی سەرۆکایەتی دەرکرد و کۆنترۆڵیان کردنەوە.