Dildar Baykan Atalay
05 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 05 نیسان 2023
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا هەڵکوتانە سەر مزگەوتی ئەقسا و دەستبەسەرکردنی ژمارەیەکی زۆر فەڵەستینی لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە سەرکۆنە کرد.
لەوبارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە: "شەوی رابردوو هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل، پێگەی مێژوویی و ئایینی حەرەمی شەرەیفیان پێشێل کرد و هەڵیانکواتایە سەر مزگەوتی ئەقسا، بەتوندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر مزگەوتی قیبلە و دەستبەسەرکردنی ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی فەڵەستینی مەدەنی دەکەین".
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا جەختی لەوەکردووەتەوە کە ئەنجامدانی وەها هێرشێک لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا "جێگای قبوڵ نییە" و هاتووە: "زۆر نیگەرانین لە هەڵکشانی گرژییەکانی ناوچەکە و بەتایبەت کەرتی غەززە. پێویستە حکوومەتی ئیسرائیل هەموو جۆرە هێرش و ئۆپەراسیۆنێک بوەستێنێت کە دەبێتە هۆی هەڵکشانی زیاتری گرژییەکانی ناوچەکە".
نیوەشەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێزەکانی ئیسرائیل دووجار هەڵیانکوتایە سەر مزگەوتی ئەقسا و زیاتر لە ٢٠٠ فەڵەستینییان دەست بەسەر کرد.