Eşref Musa
08 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 09 ئاب 2021
سەرێ کانی (رأس العين)- AA
بەرپرسانی سەربازیی تورکیا و رووسیا، لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی ئاو و کارەبا لە پارێزگای حەسەکە گەیشتنە رێککەوتن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/یەپەگە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی، دەستی بەسەر سەرچاوەکانی وزەدا گرتووە و بۆ ئامانجی سیاسیی بەکاریان دەهێنێت و لە لایەکی دیکەیشەوە رژێمی ئەسەد سەرقاڵی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی ئەوەیە کە "تورکیا ئاوی خواردنەوە لە دانیشتوانی حەسەکە دەگرێتەوە".
شاندی سەربازیی تورکیا و رووسیا ماوەیەکی زۆرە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی ناوچەکە کە هۆکاری سەرەکی کێشەی کارەبایە لە گفتوگۆدان.
لەم چوارچێوەیەشدا شاندی سەربازیی رووسیا لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی لەگەڵ شاندی سەربازیی تورکیا، سەردانی تۆڕی دابەشکردنی ئاوی عەلووک و وێستگەی کارەبای مەبڕوکە-یان کرد.
بەهۆی ئەو هەماهەنگییەی نێوان تورکیا و رووسیا، نزیکەی ٢٠٠ هەزار هاووڵاتی مەدەنی نیشتەجێی ناوچەی کانی ئاشتی و دانیشتوانی سەر هێڵی حەسەکە-تەل تەمر لە کێشەی کارەبا رزگاریان دەبێت.
بە ئامانجی گەیاندنی خزمەتگوزاری ئاو و کارەبا بە دانیشتوانی ناوچەکانی دیکەی سووریا، ئەنقەرە و مۆسکۆ گەیشتنە رێککەوتن بۆ زیادکردنی هەماهەنگییەکانی نێوانیان.
رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/یەپەگە نزیکەی پێنج مانگە، دانیشتوانی ناوچەی کانی ئاشتی-یان لەو کارەبایە بێبەش کردووە کە لە ئاوی بەنداوەکانی سەر رووباری فورات بەرهەمدێت، هەرچەندە دابەشکردنی وزەی کارەبا بەیەکسانی مافی هەموو هاووڵاتییانی سووریا-یە، بەڵام رێکخراوەکە سەرچاوەکانی وزەی ژێر دەسەڵاتی بۆ ئامانجی سیاسیی بەکاردەهێنێت.