Tuğçenur Akgün
05 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 06 نیسان 2023
نیویۆرک - AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیا بەرپرسیارێتیی بگرنەئەستۆ بەرامبەر ئەو مەترسییانەی زیرەکی دەستکرد دروستیان دەکات و بەپێویستیشی زانی کۆنگرێس لەو چوارچێوەیەدا هەنگاو بگرێتەبەر.
جۆ بایدن لە کۆشکی سپی لەگەڵ ئەنجوومەنی راوێژکارانی زانست و تەکنەلۆجیا کۆبووەوە.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی ئەو دەرفەت و مەترسییانەی زیرەکی دەستکرد هێناویەتە ئاراوە، کۆبوونەوەکەیان ئەنجامداوە و باسی لەوە کرد کە رەنگە زیرەکی دەستکرد هاوکار بێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی کێشەکانی وەک نەخۆشییەکان و گۆڕانی ئاووهەوا، بەڵام لە هەمان کاتدا رەنگە مەترسیی ئابووریی و ئاسایشی نیشتمانیشی لێبکەوێتەوە.
جۆ بایدن باسی لەوە کرد کە پێی وایە بەرپرسیارێتی لەسەر شانی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیایە پێش ئەوەی بەرهەمەکانیان پێشکەش بە خەڵک بکەن دڵنیابن لەوەی سەلامەتن و رایگەیاند: ''تۆڕی کۆمەڵایەتی نیشانیداین کە پێش گرتنەبەری رێوشوێنی دروست تەکنەلۆجیای بەهێز رەنگە زیانی هەبێت''.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەیش کرد کە نەگرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لەم چوارچێوەیەدا رەنگە کاریگەری خراپی لەسەر تەندروستی دەروونی و تێگەیشتن لە خود و هەستی گەنجان هەبێت.
جۆ بایدن لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی زیرەکی دەستکرد مەترسییە یان نا، گوتی: ''بە تێپەڕبوونی کات دەیبینین. رەنگە''.