Zana Natık Kerem
05 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 05 نیسان 2023
ھەولێر – AA
ئەمڕۆ چوارشەممە، بە ئامادەبوونی شاندی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان، مەکتەبی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی پرسی ھەڵبژاردن کۆدەبنەوە.
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لە مەکتەبی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەولێر ئەنجام دەدرێت کە لە میانیدا، پرسی لابردنی ئاستەنگییەکانی بەردەم ھەڵبژاردن تاوتوێ دەکرێت لەنێویاندا، ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی کوردستان.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا، ھەروەھا رەوشنووسی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان ئامادە دەکرێت.
پێشتر سێجار مەکتەبی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەزگای ھەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی پرسی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی کوردستان، ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن و تۆماری دەنگدەران کۆبوونەتەوە.
لە ماوەکانی رابردوودا، شاندی ھاوبەشی ھەردوولا لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا لەبارەی پرسی ھەڵبژاردن کۆبوونەوەتەوە و لەسەر ژمارەیەک پرسی رێککەوتوون، لەنێویاندا ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بە چوار بازنە، پشت بەستن بە تۆماری دەنگدەرانی عێراق و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسیی ھەرێمی کوردستان.
ئەوەی ئێستا ماوەتەوە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر رێکبکەون، پرسی ١١ کورسی پێکھاتەکانە لە پەرلەمانی کوردستان.
ئەمەیش لە کاتێکدا ٢٦ی مانگی رابردوو، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بە فەرمانی ھەرێمیی ژمارە ٩٠ی ساڵی ٢٠٢٣، رۆژی ١٨ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣ی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان دیاریی کرد.