Abdullah Shukur
25 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2019
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە لەگەڵ کۆنگرێس رێککەوتووە لەسەر کردنەوەی حکوومەتی فیدڕاڵی تا ١٥ی شوبات کە ماوەی ٣٥ رۆژە داخراوە و ئاشکراشی کرد کە لەم ماوەیەدا قۆناغی دانوستانەکانی دیواری سنووری مەکسیک بەردەوام دەبێت.
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەبارەی کردنەوەی حکوومەتی فیدڕاڵی کە ماوەی ٣٥ رۆژە داخراوە، لە باخچەی کۆشکی سپی لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا.
ترەمپ رایگەیاند کە لەگەڵ کۆنگرێس رێککەوتووە لەسەر کردنەوەی حکوومەتی فیدڕاڵی و گوتی: "شانازی دەکەم بە راگەیاندنی رێککەوتنێک لەسەر دووبارە کردنەوەی حکوومەتی فیدڕاڵی".
ترەمپ ئاشکرای کرد کە تا ١٥ی شوبات حکوومەتی فیدڕاڵی دەکرێتەوە و جەختیشی لەوە کردەوە کە چاوەڕێ دەکات لەم ماوەیەدا لەسەر پرسی ئاسایشی سنوور دانوستان بکەن.
سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاند کە رێککەوتنەکە بڕە بوودجەی پێنح ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلار کە خۆی داوای کردووە بۆ ئاسایشی سەر سنوور لەخۆ ناگرێت و گوتی: "ئەگەر کۆنگرێس لەسەر پرسی ئاسایشی سنوور دانوستانێکی دادپەروەرانە نەکات، لە ١٥ی شوبات دووبارە حکوومەت دادەخرێت، یان لە چوارچێوەی دەستوور ئەو دەسەڵاتانەی کە پێمدراوە (راگەیاندنی باری بەپەلە) بەکاردەھێنم".