Şeyma Uzundere
25 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 25 تەمووز 2022
لۆس ئهنجلس- AA
لە ئاکامی رووداوێکی تەقەکردن لە پارکێکی شاری لۆس ئهنجلس باشووری رۆژئاوای ئەمریکا، دوو کەس کوژران و زیاتر لە پێنجی دیکەیش برینداربوون.
رووداوەکە کاتژمێر ١٥:٥٠ خولەکی دوێنێ لە میانی نمایشێکی ئۆتۆمبێل لە پارکی پێک ئەنجام روویداوە.
فەرمانگەی پۆلیسی لۆس ئەنجلس لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر بڵاوی کردەوە کە لە ئاکامی پەلامارەکەدا، دوو کەس کوژراون و زیاتر لە پێنجی دیکەیش برینداربوون.
لە تویتەکەدا باس لەوەیش کراوە کە لەبارەی رووداوەکەوە، هێشتا نەتواندراوە هیچ تۆمەتبارێک دەستگیر بکرێت.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی پۆلیسی شارەکە، کێڵی مونیز بە میدیاکارای راگەیاند کە دوای ئەوەی ئاگادارکرانەوە لەوەی لەناکاو لە گۆڕەپانی یاریی بەیسبۆڵ لە پارکەکە زیاتر لە کەسێک پێکراوە، تیمەکانیان رەوانەی ناوچەکە کرد و گوتی: "هێشتا نازاندرێت چەند کەس پەلامارەکەیان ئەنجامداوە، بەڵام لە شوێنی رووداوەکە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن ".