Firdevs Yüksel
25 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 26 تەمووز 2022
ئیستانبوڵ - AA
لە بازاڕەکانی جیهاندا، نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت گەیشتە ٩٧ دۆلار و ٤١ سەنت.
رۆژی هەینی نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت بۆ ١٠٥ دۆلار و ٧١ سەنت بەرز بووەوە و رۆژەکەی بە ٩٨ دۆلار و ٣٨ سەنت تەواو کرد.
کاتژمێر ٠٩:٢٨ی بەیانی ئەمڕۆ، نرخەکان بەڕێژەی سەدا ٠،٩٩ دابەزینیان بەخۆوەبینی و بەرمیلێک خاوی برێنت بە ٩٧ دۆلار و ٤١ سەنت فرۆشرا.
لە هەمان کاتدا بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساس بە ٩٣ دۆلار و ٧٠ سەنت مامەڵەی پێوە کرا.
نیگەرانییەکان لە کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوت کاریگەری لەسەر دابەزینی نرخەکان هەبوو.
بازاڕەکان لەئێستادا سەرنجیان لەسەر سیاسەتی دراوی بانکی ناوەندیی ئەمریکایە کە بڕیارە رۆژی چوارشەممە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێت، واش پێشبینی دەکرێت کە رێژەی سوو بەرز بکرێتەوە و ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی نیگەرانی لە خاوبوونەوەی ئابووریی جیهانی و کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوت.
لە لایەکی دیکەشەوە بەردەوامی پەتای کۆرۆنا لە وڵاتی چین کە یەکێکە لە گەورەترین بەکاربەرەکانی نەوت لە جیهاندا، بووەتە هۆی بەردەوامی نیگەرانییەکانی پەیوەست بە کەمبوونەوەی چالاکییە ئابوورییەکان و خواست لەسەر نەوت لە بازاڕەکاندا.
هەفتەی رابردووش دامەزراوەی نەوتی نیشتمانیی لیبیا، ئەوەی ئاشکرا کرد کە دوای سێ مانگ لە وەستان، جارێکی دیکە لە چەند کێڵگەیەک و بەندەرێکەوە دەست بە هەناردەکردنی نەوت دەکاتەوە.
لەم چوارچێوەیەشدا لیبیا لە ماوەی دوو هەفتەدا، ١،٢ ملیۆن بەرمیل دەخاتەوە بازاڕەکانەوە.